رووداو-هەولێر
کاندیدێکی پارتی لە ھەولێر سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتار و کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد کە پێشمەرگە و فەرماندەکانی پێشمەرگەی تۆمەتبار کردبوو بەوەی ، لە هەندێ ناوچە کە لە شەڕی داعش دەستیان بەسەردا گرتووە کۆمەڵکوژییان بەرامبەر پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامداوە و وشەی ئەنفالی بەکارهێنا.
د. محەممەد شاکر ، کاندیدی ژمارە 13-ی پارتی لە پارێزگای هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە ، رایگەیاند: "بەپێی ماددەی 433 ی قانوونی عقوباتی عێراق سکاڵام لەسەر مەحموود رەزا ئەمین ، پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق و، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد".
لە راگەیێندراوەکەی د. محەممەد شاکر ، کاندیدی ژمارە 13-ی پارتی لە پارێزگای هەولێر هاتووە: "ئێمە لە خوێنی نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە 10 هەزار بریندار، لە فرمێسکی دایکی شەهیدان، لە قوربانییان و شەهیدانی مەدەنی دەستی داعش، لە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی خەڵکی سەربەرز و بەشەرەفی کوردستان، لە خوێنی 182 هەزار کوردی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو، لە خوێنی 10 هەزار بارزانی زیندەبەچاڵکراو، لە خاپوورکردنی 4 هەزار گوند و چەوساندنەوەی چوار ملیۆن کورد خۆش نابین".
کاندیدەکەی پارتی لە پارێزگای هەولێر بە ئاماژەدان بەوەی ، ئەوان قسەکەی خۆیان بەڵگەیە لەسەریان کە هەر لە سەرەتاوە دەستیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە گڵاوەکان تێکەڵکردووە، دەڵێت: "هەر بەوەش ناوەستن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ، تۆمەت و درۆ و بوختان بۆ پارتی هەڵدەبەستن، پێمان سەیرە چۆن شەرم لە خۆیان ناکەنەوە، تەنانەت موقەدەسترین سیمبولی گەلی کوردستان کە پێشمەرگەیە، لەکەداری دەکەن، بەجۆرێک کە نەیاران و شۆڤێنییەکانیش جورئەتی ئەنجامدانی کارێکی لەمشێوەیەیان نەکردووە".
مەحموود رەزا ئەمین ، پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق و، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی حیزبەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە کار بۆ تێکدانی عێراق دەکات، هەروەها پێشمەرگە و فەرماندەکانی بە ئەنجامدانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەو ماوەیەی کە پێشمەرگە چووە ئەو شوێنانەی لەدەستی داعش بوو و لێی وەرگرتنەوە، بەعسییەکان ساڵی 88 لە گوندەکانی ئێمە چییان کردووە بەرپرسەکانی پێشمەرگە ، پێشمەرگە خۆی وەک تاکەکەس نا بەڵکو بەکاریانهێناون، هەمان کاریان لە ناوچانە کردووە".
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستانیشی تۆمەتبارکرد بەوەی بەشداریی کردووە لە هێنانی داعش و، شاردنەوەی بەعسییەکان و، گوتیشی: "ئێستا من پەشیمانم لەهەموو ئەو شۆڕشانەی کورد کردوویەتی، ئەو شۆڕشانە بێجگە لە ماڵوێرانی هیچیان نەهێشتووەتەوە".
مەحموود رەزا ئەمین هەروەها لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: "کە وتت گۆڕانم لە بەسرە و بەغدا رێزمان لێدەگرن چونکە "خیتابەکەمان خیتابێکی نیشتمانییە".
دەقی راگەیێندراوەکەی د. محەممەد شاکر ، کاندیدی ژمارە 13-ی پارتی لە پارێزگای هەولێر
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
لەسەر تۆمەتبارکردنی پێشمەرگە بە ئەنجامدانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی ، تۆمەتبارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هێنانی داعش و شاردنەوەی بەرپرسانی بەعس، وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان، وەکو کورە شەهیدێک، وەک کەسوکاری پێشمەرگە، وەک کاندیدی ژمارەی 13 ی لیستی 184 ی پارتی لە هەولێر، لە دادگا بەپێی ماددە 433 ی قانوونی عقوباتی عێراق سکاڵام لەسەر مەحموود رەزا ئەمین، پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراق و، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمارکرد.
ئێمە لە خوێنی نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە 10 هەزار بریندار، لە فرمێسکی دایکی شەهیدان، لە قوربانییان و شەهیدانی مەدەنی دەستی داعش، لە شکاندنی شکۆ و هەیبەتی خەڵکی سەربەز و بەشەرەفی کوردستان، لە خوێنی 182 هەزار کوردی ئەنفالکراو و کیمیابارانکراو، لە خوێنی 10 هەزار بارزانی زیندەبەچاڵکراو، لە خاپوورکردنی 4 هەزار گوند و چەوساندنەوەی چوار ملیۆن کورد خۆشنابین.
ئەوان قسەکەی خۆیان بەڵگەیە لەسەریان کە هەر لە سەرەتاوە دەستیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە گڵاوەکان تێکەڵکردووە، هەر بەوەش ناوەستن لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ، تۆمەت و درۆ و بوختان بۆ پارتی هەڵدەبەستن، پێمان سەیرە چۆن شەرم لە خۆیان ناکەنەوە، تەنانەت موقەدەسترین سیمبولی گەلی کوردستان کە پێشمەرگەیە، لەکەداری دەکەن، بەجۆرێک کە نەیاران و شۆڤێنییەکانیش جورئەتی ئەنجامدانی کارێکی لەمشێوەیان نەکردووە.
جیهان و، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان و، خەڵکی ناوچەکە شاهیدن، ئێستاش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن. خەڵکی کوردستان شاهیدن کێ بوو بەرامبەر داعش وەستایەوە و ئەفسانەی دووژمنانی تێکشکاند، کێش بوون کە تەنیا بۆ یادگاریش سەردانی بەرەیەکی شەڕیان نەکرد، پێمان سەیرە تەنانەت بە بێبەها سەیری خەبات و خوێن و قوربانیدانی خەباتی ١٠٠ ساڵەی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەن.
عێراقچییەکان هەڵگری هەمان عەڵقییەتی ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانن، دەیانەوێ فەرهەنگی بەعس و مالیکی و حەنان فەتلاوی بۆ کوردستان بگوازنەوە، هیوادارین شەرم لە خۆیان بکەنەوە و دەرفەتی پێکەوەژیان بهێڵنەوە. ئەگەر راست دەکەن با بەڵگەکانیان لەبەردەم دادوەر و خەڵکی کوردستان ئاشکراکەن. بە هەمووان هەوڵیاندا پارتی و هەولێر لەناوببەن، نەیانتوانی، زۆر پێمان سەیرە چۆن شەرم لە خۆیان ناکەنەوە لە هەولێر لیستیان هەیە، چۆن روویان هەیە تەماشای خەڵکی کوردستان بکەن.
عێراق بە خواستی ئێمە دروست نەبووە، پیرۆزی ئەوانە بێت کە شانازی بە تانکەکانی نەیاران دەکەن بەسەر لاشەی پێشمەرگە پیرۆزەکان و خەڵکی دڵسۆزی کەرکووک و خورماتوو بکەون، لەپێناو ئەوەش بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە، تاوەکو سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیێنین، بەغدا بکەینە سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان.
لە 70 ساڵی رابردوودا پارتی بە ئەزموون سەلماندوویەتی سەرسەختترین بەرگریکار و پارێزەری گەل و خاک و مافەکانی کوردستانە. دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ هەوڵ و قوربانییەک بۆ کورد و کوردستان بەفیڕۆ ناچێت، هیچ لایەنێکیان وەکو پارتی شانی نەدایە بەر بەرپرسیارێتی و ئاستەنگەکان، چۆن کوردستانمان لە داعش و قەیرانەکان رزگارکرد، بەمشێوەیەش لە ئایندەدا، دەستکەوتی گەورەتر لە ساڵانی رابردوو مسۆگەر دەکەین، با نەیاران دڵنیابن، دەنگدەرانی پارتی لەوە دڵسۆز و گەورەترن چارەنووس و ئاییندەی خۆیان هەرزانفرۆش بکەن، دڵنیایین حیزبەکەیان لەبیرناکەن و، بە دەنگ رۆحی پێشمەرگە شەهیدەکان ئاسوودە دەکەن، هیچ شتێک ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، مادام تانکی ئەبرامزی ئەمریکی نەیتوانی.
سڵاو لە کورد و کوردستان
سڵاو لە خوێنی شەهیدان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ