رووداو – كەركووك
دوای پشتگیریی دادگا بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ژماردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بە دەست، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی دادوەرێكی عەرەب، دەنگەكانی پارێزگای كەركووك بە دەست بژمێردرێنەوە.
پێش دەستپێكردنی پرۆسەكە، ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی توركمانی لە رێگەی بەیاننامەیەكەوە داوایان لە حكومەتی عێراق كرد سەرۆكی لقی كەركووكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە كوردە، لە پۆستەكەی دووربخاتەوە، دواتر دەست بە ژماردنەوەی دەنگەكان بكرێ.
بەرەی توركمانی كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا سێ كورسی لە پارێزگای كەركووك هێنا، چاوی لەوەیە بەهۆی ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست، كورسییەكی دیكە زیاد بكات.
عەلی موفتی، گوتەبێژی بەرەی توركمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەڵگە و داتاكانمان دەریدەخەن كە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكە كراوە، ئێمە وەكو توركمان بەشی چوار كورسی دەنگمان هێناوە، لەوە دڵنیاین دەنگەكانمان دزراون، پێمانباشە دەنگەكان دووبارە دەژمێردرێنەوە، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆكی لقی كەركووكی كۆمیسیۆن لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، چونكە سەرچاوەی ساختەكارییەكانە".
موفتی پێشبینی دەكات لە ژماردنەوەی دەنگەكاندا گۆڕانكاری بەسەر دەنگی لایەنەكاندا بێ و كورد چوار كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمانیش چوار كورسی بهێنن. هەروەها دەڵێت كورسییەكی یەكێتی بۆ لیستی نیشتیمان دەچێ.
یەكێتی لە كەركووك دژی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكانە، چونكە پێیوایە عەرەب و توركمان دەستكاری سندوقەكانی هەڵبژاردنیان كردووە.
رەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی دەڵێت: "هیچ ترسێكمان لە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست نییە، لە خەڵكی خۆمان دڵنیاین كە دەنگیان بە ئێمە داوە، بەڵام حەشدی شەعبی و لە نێویشیان حەشدی توركمان، دوای هەڵبژاردن ماوەی سێ رۆژ دەستیان بەسەر كۆمسیۆندا گرت و هەموو كارمەندەكانیان ناردەوە ماڵ و بە ئارەزووی خۆیان دەستكاری سندوقەكانیان كرد، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە هیچ نوێنەرێكی حیزبە كوردییەكان لە كۆمسیۆن نەبوون، بۆیە سندوقەكانی كەركووك شەرعییەتی لەدەستداوە".
رەوەند مەلا مەحموود بەدووری دەزانێ ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست، ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركووك بگۆڕێ و گوتی: "هەر گۆڕانكارییەك لە دەنگەكانمان بكرێ، هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرینەبەر بۆ ئەوەی رێی لێبگرین، بەڵگەمان لایە كە سندوقەكانی دەنگدان لە داقووق و كۆگاكانی كەركووك دەستكاری كراون".
بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە سەرپەرشتی دادوەر قاسم محەممەد ئەلعەززاوی، بە ئامادەبوونی نوێنەری كیانەكان، سندوقەكانی دەنگدان لە كەركووك بكرێنەوە و دەنگەكانی ناویان بژمێردرێنەوە.
ئیسماعیل حەدیدی، كاندیدی هاوپەیمانی نەسر كە چانسی بەهێزە لە هەژماركردنەوەی دەنگەكاندا دەربچێ، بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی زانیمان حیزبێكی كوردی لە رێگای ئامێرەكانی دەنگدانەوە ساختەكاری كردووە، بۆ دڵنیابوون لەو كارە هەندێك سندوقمان لە كەركووك و داقووق كردەوە، نەك بۆ ساختەكاری و گۆڕینی ئەنجامەكان".
حەدیدی دەڵێت پێویستی بە 630 دەنگی دیكەیە بۆ ئەوەی كورسیی پەرلەمان مسۆگەر بكات و دەڵێت "دڵنیام ئەگەر دەنگەكان بەدەست بژمێردرێنەوە، زیاتر لە 630 دەنگی دیكە دەهێنم".
گوتیشی: "تاكە لایەن كە دژی پرۆسەكەیە یەكێتییە، ئەویش لەبەر ئەوەی ساختەكاری كردووە".
بەرپرسێكی سۆشیالیست دەڵێت ئەگەر گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردندا بێت، دوور نییە شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێ. رەسوڵ رەئوف كە سەرۆكی لیستی سۆسیالیست بوو لە كەركووك، بە (رووداو)ی گوت :"پێموایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەجێی خۆیەتی، ئەو ئەنجامانەی لە كەركووك راگەیەنراون راست نین، بۆ نموونە توركمانی شیعە كورسیان هێناوە، لە كاتێكدا ژمارەیان زۆر كەمە، توركمان هەمیشە كورسییەك تا دوو كورسییان هەبووە، ئەمجارە سێ كورسیان هێناوە، ئەمانە جێی گومانن".
رەسوڵ رەئوف هەرچەندە گومانی لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام بەدووری دەزانێ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست، ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕێ و دەڵێت "دڵنیام گۆڕانكاری وا گەورە لە كورسییەكاندا روونادات، ئەگەر وابێت كۆی پرۆسەكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و خەڵك هیوای بەهەڵبژاردن نامێنێ".
گوتیشی: "هەر گۆڕانكارییەك لە ئەنجامی هەڵبژاردن رووبدات، جێی قبوڵ نییە و شەڕی ناوخۆی لەسەر دروست دەبێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ