​تەندروستیی کەرکووک: دەنگۆی تووشبوونی 7 پزیشک بە ئەیدز راست نییە

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیى کەرکووک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە 7 پزیشکى ددان لەوشارە تووشى نەخۆشى ئەیدز بوون. 
 
رۆژی چوارشەممە دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، گوایە چەند پزیشکێکی کەرکووک تووشی نەخۆشیی ئەیدز بوون.
 
سامان عەلی یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەرکووک گوتى، "بەدواداچوونمان لە بارەى دەنگۆى تووشبوونى ئەو 7 پزیشەکەى ددان بە ئەیدز کردووە و دەرکەوتووە راست نییە".
 
دوایین ئامار کە عێراق لە بارەى تووشبووانى ئەیدز بڵاویکردبێتەوە ساڵى 2024 بوو، کە نزیکەی 2000 تووشبوو هەبوون.
  
ئەیدز زیاتر لە رێگەی خوێن، سێكس یان لە دایکەوە بۆ کۆرپە دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، هێرش دەکاتە سەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ. 
 
فەرمانگەى تەندروستیی کەرکووک لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، مافى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی هەیە لە رێگەى دادگەکانەوە لە دژی ئەوانەی دەنگۆ و هەواڵى ناڕاست بڵاودەکەنەوە.