رووداو - هەولێر
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "رێککەوتننامە لەگەڵ گۆڕان جێگای رێککەوتننامەی ستراتیژی ناگرێتەوە، رێککەوتننامەی ستراتیژی لەکاتی خۆی شاکاری گەورەی مومکین کردووە".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی کۆتاییهاتن و نەهاتنی رێککەوتنی ستراتیژی لەنیوان پارتی و یەکێتی رایگەیاند "نەخێر ئەو رێککەوتنە کۆتایی نەهاتووە، من لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان، ئەوەم لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راگەیاندنی ئەو رێککەوتننامیە گوت، کە ئەو رێککەوتننامەیەی لەگەڵ گۆڕان جێگای رێککەوتننامەی ستراتیجی ناگرێتەوە".
سەعدی پیرە دەڵێت: "ئێستا ئێمە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە، کابینەی هاوبەشمان هەیە، بە رێککەوتننامەیەک لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی، چەند پۆستێک دابەشکراوە، بۆیە رێککەوتننامەی ستراتیژی، رێککەوتننامەیەکە، کە لەکاتی خۆی شاکاری گەورەی مومکین کردووە، لەجیاتی شەڕی ناوخۆ و گەورەکردنی گۆڕستان، وڵاتی ئاوەدانکردووەتەوە".
سەعدی پیرە دەشڵێت: " ئەو رێککەوتننامەیە لەلایەن جەنابی سەرۆک تاڵەبانی و بەڕێز بارزانی واژۆکراوە، پێموانییە بەو ئاسانییە بە کەس تێکبچێت".
سەبارەت بەوەی مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ ئەو رێککەوتننامەیە وەک خۆی دەمێنێت یان قابیلی جۆرێک لە پێداچوونەوەیە، لە وەڵامدا ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "باسی پێداچوونەوە تەنیا بۆ ئەوەیە، ئەگەر ئەو رێککەوتننامەیە وەکو پێویست شۆڕنەبووبێتەوە خوارەوە، رەنگە هەندێک بڕگەی کە جێبەجێ بووە، کاتی بەسەر چووە، ئەگینا ئەوانە هەمووی لەجێی خۆیەتی".
سەعدی پیرە، پێیوانییە "ئەو کێشەیەی لە نێوان یەکێتی و پارتی یان بە گشتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کێشەی ئەو دەقانە بێت، کە لەناو رێککەوتننامەی ستراتیژی هاتووە، بەڵکو ئەو کێشانەی هەن رەنگە بەشێکیان کێشەی بە هەڵە جێبەجێکردنی یان کێشەی بە هەڵە تێگەیشتنی هەبێت".
سەبارەت بە سەردانەکەی فوئاد حوسێن، بە نوێنەرایەتی بارزانی بۆ لای یەکێتی و گۆڕان و ئەو پەیامەی هەڵیگرتبوو، سەعدی پیرە گوتی: "پێش رایگەیاندنی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەلایەن کاک مەسعود، دەبوایە ئەو گفتوگۆیانە کرابان، وەک ئەوەی ئێستا سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی زەمینە خۆشبکرێت بۆ بەشداریکردن، چونکە حیکمەتی کۆبوونەوەی فراوان لە راگەیاندنەکەی نییە، بەڵکو حیکمەتی کۆبوونەوەی فراوان لە بەشداریکردنی لایەنەکانە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێشیوایە "هەموو جوهدێک، بەو ئاراستەیە خێری دەبێت، چوونی دکتۆر فوئاد حوسێنیش بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان، بە گشتی ئەوەی من گوێم لێ بووە، زەمینەیەکی ئیجابی هەیە، تا ئەم ساتە گەشتەکەی ئیجابییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ