کچێکی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکرا؛ 'پێیاندەگوتم بچیتەوە سەرت دەبڕن'
رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کوردی ئێزدی بە هاوکاریی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە دەستی داعش رزگار کرا و گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەی لە باعەدرێ.
کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ هەینی 25-07-2025، ریهام حاجی، تەمەن 21 ساڵ، ئەو کچە کوردەی 11 ساڵ لەژێر دەستی داعشدا بوو، گەیشتەوە نێو کەسوکاری خۆی لە ناحیەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان و بە ئاهەنگگێڕان پێشوازی لێکرا.
ریهام کە بە هاوکاریی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی رزگار کرا، قسەی بۆ نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روودا کرد و رایگەیاند، ''دڵخۆشم لەبەرئەوەی پێشبینیم نەدەکرد بگەڕێمەوە نێو کەسوکارم. داعشەکان بێهیوایان کردبووم و دەیانگوت ئەگەر بگەڕێنەوە لای کەسوکارتان، سەرتان دەبڕن.''
ریهام لەبارەی چۆنیێتیی رزگاربوونی گوتی، ''لەم دواییانەدا توانیم پەیوەندی بە سەعدی برامەوە بکەم و ئەویش پەیوەندیی بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ـەوە کرد. ئەوان ئازادیان کردم و لە دەستی داعش رزگاریان کردم. بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج مانگ لەلایان مامەوە تاوەکوو باری دەروونیم باشتر بوو. هەروەها رێکارەکانیان بۆ رێکخستم و رادەستی کەسوکارمیان کردمەوە.''
بەگوتەی خۆی، یەکەمجار لە ساڵی 2014 کە رفێنراوە، بۆ ماوەی حەوت مانگ لەلای ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش ماوەتەوە. ''پێیدەگوتم: دەتکەم بە کچ، بەڵام دەبێت رەچەڵەک و ئایینەکەت و هەموو شتێک لەبیر خۆت بەریتەوە، من خاوەنی تۆم. ناچاریان دەکردین نوێژ بکەین.''
ریهام ئەوەشی خستەڕوو، ''مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێمەی ئێزدی زۆر خراپ بوو، ناسرووشتی بوو، بێڕێزییان دەکرد. سەرەتا لە ساڵی 2014 کە رفێنراین، وەک کچە ئێزدییەکان بەیەکەوە کۆدەکرایەنەوە، بەڵام دواتر نەماندەتوانی یەکدی ببینین.''
ریهام حاجی خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆرە لە شنگال، بەڵام کەسوکارەکەی لە ناحیەی باعەدرێ نیشتەجێن. ئامۆزاکەی بە رووداوی گوت، ''دوێنێ گەیێندرایەوە خانەسۆر، بەڵام هێشتا شەش خوشک و برای لە دەستی داعشدا ماون.''
ئەو کچە ئێزدییە 03-08-2014 لەلایەن داعشەوە لەگەڵ 77 کەسی دیکە لە کەسوکارەکەی رفێندران. بەگوتەی ئامۆزاکەی، هێشتا 39 کەس لە کەسوکاریان لە دەستی داعشدا ماون.
هاوکات باوکی ریهام قسەی بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''کچەکەم تەمەنی 10 ساڵان بوو کە کەوتە دەستی داعش، دڵخۆشم کە رزگار کراوە. نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارمان بوون.''
29ـی حوزەیران حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دوایین ئاماری کار و چالاکیی نووسینگەکەی خستەڕوو و گوتی، لە کۆی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندران، سێ هەزار و 589 کەس رزگارکراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.