لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە چەمچەماڵ پیاوێک گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی برینداربوو
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی چەمچەماڵ – سەنگاو، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی برینداربوو.
ئەمڕۆ هەینی 25ی ئابی 2023 عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی چەمچەماڵ – سەنگاو، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا کە باوک و کوڕێکی تێدابوو، لە ئەنجامدا باوکەکە گیانی لەدەستدا و کوڕەکەشی برینداربوو.
کوڕەکە لەدایکبووی ساڵی 2000ە و باوکیشی لەدایکبووی ساڵی 1972ە. بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ گوتی، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و رەنگە هۆکارەکە خێرایی لێخوڕین بووبێت.
ئەو دوو هاونیشتمانییە دانیشتووی قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانن.
پێنجشەممەی رابردووش لە سنووری چەمچەماڵ لە وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و برازایەکی برینداربوو.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا، 773 رووداوی وەرگەڕان بوو، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7250 کەسیش برینداربوون.