برایەکی لاهوور شێخ جەنگی: گەیشتمە بەغدا و ژیانم لە مەترسیدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
برایەکی لاهوور شێخ جەنگی کە شەوی شەڕەکەی سلێمانی لە نێو هوتێل لالەزار بووە دەڵێت، ئێستا لە بەغدایە، ئاراس شێخ جەنگیش رایگەیاند، راستە ئەو برایەیان بە سەلامەتی گەیشتووەتە بەغدا.
دوای تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر شەڕەکەی هوتێل لالەزار، ئاسۆ شێخ جەنگی، برای لاهوور شێخ جەنگی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئێستا لە بەغدایە.
ئاسۆ شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "من ناوم د.ئاسۆ شێخ جەنگییە، برا گەورەی شێخ لاهوورم، ئێستا لە شاری بەغدام، لە ماڵی دکتۆرێکی عەرەب، کە لە زانکۆ بەیەکەوە بووین، دوێنێ شەو بۆخۆی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەدوامدا هاتووە بۆ دەربەندیخان."
ئاسۆ شێخ جەنگی دەشڵێت: "ئێستا شوێنەکەم زۆرباشە، لە خوا بەزیاد بێت ژیانیشم لە مەترسیدا نییە."
ئاراس شێخ جەنگی، کە برای ئاسۆ شێخ جەنگییە دووشەمممە 25-08-2025 بە رووداوی رایگەیاند: "راستە ئاسۆی برامان گەیشتووەتە بەغدا و تەندروستی باشە."