رووداو - هەڵەبجە
بۆ رێگەگرتن لە هەر تووندوتیژییەك كە بەهۆی خۆپیشاندانەوە سەرهەڵبدات، لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە دوو رێگا دەگرنەبەر، بەرپرسی لقی 12ی پارتیش لە هەڵەبجە بە پشتبەستن بە رووداوەكانی رابردوو، بەهۆی خۆپیشاندانەوە پێشبینی سەرهەڵدانی تووندوتیژی دەكات.
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بۆ رێگریكردن لە هەر تووندوتیژییەك كە بەهۆی خۆپیشاندانەوە رووبدات، وەك لایەنەكانی هەڵەبجە لەسەر دوو خاڵ رێككەوتوون.
وەك فازڵ بەشارەتی گوتی "خاڵی یەكەم ئەوەیە بەرپرسی حیزبەكان كۆبوونەوە بە ئەندامەكانی خۆیان بكەن و رێنموونییان بكەن لە خۆپیشاندان تووندوتیژی نەكەن، خاڵی دووەمیش بریتییە لەوەی ئەگەر لە هەر شوێنێكی هەڵەبجە بەهۆی خۆپیشاندانەوە تووندوتیژی روویدا، بەرپرسی هەموو لایەنەكان پێكەوە بچنە ئەو شوێنە و رێگری لێبكەن".
بەرپرسی پارتی لە هەڵەبجە نەیشاردەوە پێشبینی سەرهەڵدانی تووندوتیژی دەكەن، ئەمەش بە پشتبەستن بەو خۆپیشاندانانەی لە رابردوودا لە هەڵەبجە كراون، هەرچەندە گوتی " بەراورد بە ناوچەكانی دیكە هەمیشە لە هەڵەبجە تووندوتیژی كەمتر روویداوە، بەهیوای ئەوەین خەڵك بە هێمنی داوای مافە رەواكانی خۆیان بكەن".
هەر پەیوەست بەو پرسە، كۆساڵان ئەبوبەكر، سكرتێری مەكۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند، پێش 27ی ئەم مانگە كە ئەگەری خۆپیشاندان هەیە، لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە جارێكی دیكە كۆدەبنەوە.
گوتیشی "دەمانەوێت بە هەمووان جەخت لەسەر كۆبوونەوەی پێشووترمان بكەینەوە و، بە جێبەجێكردنی ئەو دوو خاڵە رێگری بكەین لە ئەگەری هەر تووندوتیژییەك كە بەهۆی خۆپیشاندانەوە رووبدات".
گرووپێك بەناوی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵك، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاریانداوە لە 27-9-2016، لەبەرامبەر رەوشی نالەباری خەڵک و فەرمانبەران و دواكەوتن و پاشەكەوتكردنی مووچە خۆپیشاندان ساز بكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ