پارێزگاری هەولێر: بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان سیاسییە

25-09-2023
پەیمان محەممەد
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
نیشانەکردن ئومێد خۆشناو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ئەوەندەی سیاسین، یاسایی نەبوون. 
 
ئەمڕۆ، دووشەممە 25-09-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی ژیانی قەزای ناوەندی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا روونە؛ ئەو بڕیارانەی لە رابردووشدا هەبوون، ئەوەندەی سیاسیی بوون، یاسایی نەبوون.''
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، وەک پارێزگا، چاوەڕوانی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ''بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بکەین.''
 
دوێنێ یەکشەممە، دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەمووارکراوی پەرلەمانی کوردستان، کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبووەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەبووە و لەسەر پەرلەمانی کوردستان بووە، کە یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی بە نادەستووری لە قەڵەم داوە، یاساکەش هەموواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـیە و بە دوو بڕگە هەمووار کراوەتەوە.''
 
یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019 کە هەموواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـیە و لە کۆبوونەوەیەکی 8ـی تەممووزی 2019ـی پەرلەمانی کوردستاندا هەمووارکراوەتەوە، لە مادەی دووەمی یاساکەدا هاتووە "بەدەر لە حوکمی بڕگەی (دووەم) لە مادەی 14ـی یاساکە، ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پیادەکردنی تایبەتمەندییەکانیان لەکاتی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایین تاوەکو هەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجوومەن بەردەوام دەبن".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەدا دەکەوینە بۆشایی یاساییەوە".
 
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربوون لە بەڕێوەچوونی.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان لە 30ـی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو.
 
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر سکاڵایەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و سرووە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جووڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق درا.
 
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی سەرووی ئێمە، بە چ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە بکەن، ئێمە بەوجۆرە ملکەچی یاسا دەبین.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە