دوو مامۆستا لە جوانڕۆ بەهۆی سروودێک بۆ یادی هەڵەبجە سزادران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەیەک لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گوتنەوەی سروودێک لە یادی هەڵەبجە لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەکەوە، سزا دران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فەرمانگەی پەروەردەی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، زەیتوون کەهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ و مێهری خوسرەوی زادە، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی سزاداوە، بەهۆی ئەوەی لەو قوتابخانەیەدا سروودێک لەلایەن قوتابییانەوە گوتراوەتەوە بۆ یادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. زەیتوون کەهزادی لە پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانە لادراوە و پلەی مامۆستایەتیی مێهری خوسرەوی زادەش پلەیەک کەمکراوەتەوە.
لە 13ـی ئاداری 2025 قوتابییانی قوتابخانەی فیردۆسی بە هاوڕێیەتیی مامۆستا مێهری خوسرەوی زادە بە یادی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە سروودی 'رێی خەبات'یان گوتەوە و سروودەکە لە بڵندگۆی قوتابخانەشەوە لێدرا. ڤیدیۆکە بەخێرایی بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو.
مامۆستایەکی قوتابخانە لە شاری جوانڕۆ کە ئاگاداری سزادانی ئەو دوو مامۆستایەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی جوانڕۆ و کرماشان گوشاریان خستووەتە سەر پەروەردەی جوانڕۆ بۆ لادانی بەڕێوەبەری قوتابخانەی فیردۆسی و سزادانی ئەو دوو مامۆستایە.
ئەو مامۆستایە دەشڵێت، زەیتوون کەهزادی و مێهری خوسرەوی زادە لەسەر کاردەرنەکراون، بەڵام زەیتوون کەهزادی لە پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانە لادراوە و وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە؛ هەروەها پلەی مامۆستایەتیی مێهری خوسرەوی زادەش پلەیەک کەمکراوەتەوە و ئەو سزادانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مووچەی مانگانەیان.
مامۆستاکە گوتی، بەڵێننامە بەو دوو مامۆستایە پڕ کراوەتەوە جارێکی دیکە رێگە نەدەن چالاکی لەو شێوەیە لە قوتابخانە یان پۆلەکانیان بەڕێوەبچێ.
ئاواز و تێکستی سروودی 'رێی خەبات' لە بنەڕەتدا سروودێکی رووسییە و شەهید ئارام کردوویەتە کوردی و ژمارەیەک هونەرمەند گوتوویانەتەوە.