لە هەولێر تووندوتیژی دژی ژنان کەمیکردووە؛ 'تەکنەلۆژیا هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی خێزانەکانە'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر رایدەگەیێنێت، لە چوار ساڵی رابردوودا ئامارەکانی تووندوتیژی روویان لە دابەزین کردووە، بەڵام شێوازەکەی گۆڕاوە و "تەکنەلۆژیا و تووندوتیژیی دیجیتاڵی" بوونەتە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر خێزانەکان. لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا نزیکەی هەزار خێزان لەجیاتی جیابوونەوە، ئاشتکراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-11-2025، عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال) وردەکاریی نوێترین ئامار و دۆخی ژنانی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئامارەکان روو لە دابەزینن
بەگوێرەی ئەو داتایانەی عەقید سەفین خستنیەڕوو، ساڵ بە ساڵ ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر کەم دەبنەوە. ئامارەکان بەمشێوەیەن:
2022: 4067 سکاڵا تۆمار کرابوون.
2023: بۆ 3834 سکاڵا دابەزیوە.
2024: بۆ 3622 سکاڵا دابەزیوە.
10 مانگی یەکەمی 2025: تاوەکو ئێستا 2647 سکاڵا تۆمار کراون.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر هۆکاری ئەو دابەزینەی بۆ چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری، راهێنانی نزیکەی 600 مامۆستای ئایینی بۆ باسکردنی پرسەکە لە گوتارەکانیاندا و هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن گەڕاندەوە.
سناپچات و ئینستاگرام؛ ئاگری نێو خێزانەکان
عەقید سەفین تاهیر هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەرچی ژمارەکە دابەزیوە، بەڵام جۆری کێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ئێستا "تووندوتیژیی دیجیتاڵی" جێگەی تووندوتیژییە تەقلیدییەکانی گرتووەتەوە.
عەقید سەفین گوتی: "زۆرترین هۆکاری کێشەکان خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو ئەپانەی وەک سناپچات، ئینستاگرام، تێلیگرام و واتسئەپ، بەداخەوە بەشێکی زۆری بووەتە هۆی هەڕەشە، لێدان و دەرکردن لە ماڵ."
بە گوتەی ئەو، زۆربەی کێشەکان پەیوەندییان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و نامەوە هەیە، بۆیە داوا دەکات یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هەموار بکرێتەوە و سزاکان تووندتر بکرێن.
نزیکەی هەزار خێزان ئاشتکراونەتەوە
سەبارەت بە رێگریکردن لە هەڵوەشانەوەی خێزانەکان، عەقید سەفین ئاشکرای کرد، لیژنەی ئاشتەوایی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کە لە (مامۆستای ئایینی، مامۆستای زانکۆ، توێژەری کۆمەڵایەتی و یاسایی) پێکهاتووە، رۆڵێکی کارایان هەبووە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە 10 مانگی ئەمساڵدا، 688 خێزان لەلایەن توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشت کراونەتەوە و دۆسیەکانیان نەچووەتە دادگا. 261 خێزان لەلایەن لیژنەی ئاشتەوایی لە دادگەکانی سنووری هەولێر ئاشتکراونەتەوە.
بۆچی ئامارەکانی هەولێر بەرزن؟
بۆچی بەراورد بە شارەکانی دیکە زۆرترین سکاڵا لە هەولێر تۆمار دەکرێن، عەقید سەفین گوتی: "هەولێر پایتەختە و ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی لێیە. جگە لە خەڵکی رەسەنی شارەکە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە، پەنابەرانی سووریایی، خەڵکی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت بیانیش لێرە دەژین."
روونیشیکردەوە، هەر کێشەیەک لەنێوان ئەو پێکهاتانەدا رووبدات، لە ئامارەکانی هەولێردا تۆمار دەکرێت، ئەمەش وایکردووە ژمارەکە گەورەتر دەربکەوێت.
پلان بۆ 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوە
سەبارەت بە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد، عەقید سەفین تاهیر رایگەیاند، پلانێکی چڕیان هەیە بۆ گەیشتن بە زۆرترین هاووڵاتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری. بەگوتەی ئەو، ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی دیکە، پشت بە خوێندکارانی زانکۆ دەبەستن، بەجۆرێک 50 خوێندکاری زانکۆی نۆڵج و 600 خوێندکاری کۆلێژی یاسا وەک خۆبەخش بەشداری دەکەن بۆ ئەوەی پەیامی هۆشیاری بگەیێننە هەموو ماڵ و قوتابخانەیەک.