رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی فیدراڵ هێشتا چاوەڕێی نووسراوی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتیکدایە لە کارنامەی کۆبوونەوەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕگەی تایبەت بەو پرسەی تێدا نییە. بەگوتەی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکەن کۆتایی هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا پارە بنێرێت.
مانگی تشرینی دووەم لە کۆتاییەکەی نزیک دەبێتەوە، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.
کێشەی نەبوونی نەختینە بەربەستی بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ بووە لە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق، کە تائێستا دابەش نەکراوە.
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق وەستاوە، کە بە تێکڕا مانگانە زیاتر لە 7.3 تریلیۆن دینارە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی هێشتا چاوەڕێی فەرمانی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانە بۆ ناردنی مووچە، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا تەنیا بڕیاری زارەکی لەوبارەیەوە هەبووە. دیار نییە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکە دەدرێت یان نا".
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سێشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 کە دەست رووداو کەوتووە، چوار بڕگەی سەرەکییە و زۆربەی پەیوەندیدارە بە بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە کردنەوەی زانکۆ لە چەند پارێزگایەکی عێراق و گۆڕانکاری لە گرێبەست و وردەکاریی چەند پڕۆژەیەک.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران. لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە دەستی بە رادەستکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، کە بەگوتەی حکومەتی فیدراڵ رۆڵی لە زیادکردنی داهاتی گشتی دەبێت. هەروەها لە هەفتەی رابردوو 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا کردووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە شاندێک رەوانەی بەغدا بکرێت لەبارەی پرسی مووچە. ئێمە چاوەڕوانین و پێشبینی دەکەین وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی 27ى تشرینی دووەم مووچەی مانگی ئەیلوول بنێرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ