رووداو ــ بەردەڕەش
كۆنە قینێك لە نێوان دوو بنەماڵەدا نوێ دەبێتەوە و شەڕە تەقەی تێدەكەوێت، بەو هۆیەشەوە دوو كەس دەكوژرێن كە یەكێكیان پزیشكێكی نەخۆشخانەی ئاكرێ بوو، چوار كەسی دیكەش كە دوویان ئافرەتن بریندار دەبن.
شەوی 17/12/2015 دوو بنەماڵەی سنووری قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ كە خزمی یەكدین و پێشتر كێشەیەك لە نێوانیاندا هەبووە، لە نزیك گوندی حەسەنی سەر بە قەزای ئاكرێ دەگەنە یەكدی و تەقە لە یەكتر دەكەن، بەو هۆیەشەوە پزیشكێك بەنێوی سەگڤان كە پزیشكی نەخۆشخانەی ئاكرێ بووە، دەكوژرێ. لە لایەنی بەرامبەریش كەسێك بەنێوی رائید نازم دەكوژرێ كە 18 ساڵە لە دەرەوەی وڵاتە و بە سەردان گەڕابووەوە كوردستان.
سەروەر سەعید دێوالی، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش بە (رووداو)ی راگەیاند، یەكێك لە بنەماڵە بەشەڕهاتووەكان خەڵكی گوندی ئۆمەرسێنانی سەر بەناحیەی رۆڤیان لە سنووری قەزای بەردەڕەش، كاتێك لە ماڵەوە دەردەچن، لەسەر پردی گوندی حەسەنی تووشی بنەماڵەكەی دیكە دەبن و شەڕ لە نێوانیاندا روودەدات. بەوهۆیەوە پزیشكێك لە بنەماڵەیەكیان و كەسێكی دیكەش لە بنەماڵەكەی گوندی ئومەرسێنان دەكوژرێن. هەروەها چوار كەسیش بە سەختی بریندار دەبن.
سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی رۆڤیا بە (رووداو)ی گوت، پۆلیس هیچ كەسی دەستگیر نەكردووە، تەنیا دۆسیەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، پۆلیس چاوەڕێی باشبوونی رەوشی بریندارەكان دەكات بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات و هۆكاری رووداوەكەی بۆ روون ببێتەوە.
ئەو دوو بنەماڵەیە خزمی یەكدین و سەر بە عەشیرەتی زێبارین.
سەرچاوەیەكی نزیك لەو دوو بنەماڵەیە باسی كۆنە قینەكەی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەی كرد و گوتی "چەند ساڵێك لەمەوبەر چەند قوتابییەكی ئەو دوو بنەماڵەیە لە زانكۆ بەشەڕ هاتوون. ئەوكات كێشەكەیان چارەسەر كرا، بەڵام لەو ماوەیەدا كەسێك لە بنەماڵەی سەگڤان، تەشقەڵەی بە كەسێكی بنەماڵەی رائید كردووە و دووبارە كێشەی نێوانیان سەریهەڵداوەتەوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "رائید نازم دێتە نێو كێشەكە و هەندێك قسە بە كەسەكەی بنەماڵەی سەگڤان دەڵێت و كێشەی نێوانیان گەورەتر دەبێت".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، شەوی 17/12/2015 رائید نازم لەگەڵ برایەك و ئامۆزا و خوشكەكانی بە رێگەی سەرەكی نێوان روڤیا و دهۆكدا تێدەپەڕن و لە نزیك گوندی حەسەنی بە بنەماڵەی دكتۆر سەگڤان دەگەن و دەبێتە شەڕیان، لە شەڕەكەدا دكتۆر سەگڤان و رائید نازم دەكوژرێن، دوو خوشك و ئامۆزایەكی رائید و كەسێك لە بنەماڵەی سەگڤان بریندار دەبن.
ئەو سەرچاوەیە بە دووری زانی ئەو دوو بنەماڵەیە سكاڵا لەسەر یەكدی تۆمار بكەن، چونكە لە هەردوولا كوژراو و بریندار هەیە. لەو كێشە عەشایریانەش كەمتر پەنا بۆ یاسا دەبردرێت، بەڵكو هەر لایەك خۆی بە غەدرلێكراو بزانێ، هەوڵ دەدات تۆڵەی خۆی بكاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ