رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، داعش سوودی لە بۆشاییە ئەمنییەکانی عێراق وەرگرتووە و دەستی بە خۆڕێکخستەنەوە کردووە، لە سووریاوە خەڵکی نوێ دێتە ناویان و لە سێ هەفتەی رابردوودا نزیکەی 15 هێرشیان کردووە.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا قسەی لەسەر زیادبوونی جووڵەی داعش لە عێراق کرد و رایگەیاند، داعش لە لە عێراق و سووریا خۆڕێکخستنەوەدایە و خەڵکی نوێ دەچێتە ناویان، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کورستان و عێراق.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکانی داعش لە هێرشەکانی پێشووتریان بەهێزتر بوون و، دەشڵێت کە هاوئاهەنگییەکانی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان زۆر بە سستی بەڕێوە دەچن، ئەوەش هاوکارە بۆ زۆربوونی جووڵەی داعش.
سەربەست لەزگین باسی لە هۆکارەکانی بەهێزبوونەوەی داعش کرد و رایگەیاند، لە عێراق زەمینەی بەهێزبوونەوەی داعش هەیە و ئەو هۆکارانەی لە ساڵی 2014دا بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش هەر وەک خۆیان ماون و چارەسەر نەکراون.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بوونی بۆشایی ئەمنی لە عێراقدا هاوکارە بۆ بەهێزبوونی داعش. کەسانی بیانی لە سووریاوە لە سنووری رەبیعەوە دێنە ناو عێراق. سستیی هاوئاهەنگییەکانی نێوان هێزی پیشمەرگە و سوپای عێراق هاوکارە بۆ داعش تاوەکو خۆی رێکبخاتەوە."
سەربەست لەزگین دەشڵێت، لە سنووری ئەنبار و دیالە و مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا جووڵەی داعش زۆر زیادی کردووە، رۆژانە دەبینرێن کە هاتووچۆ دەکەن.
بریکارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو کە هەندێک جار چەکدارانی داعش جلی سەربازیی سوپای عێراق دەپۆشن و بازگە دادەنێن و خەڵک دەڕفێنن و داوای سەرانە و پارە و خواردن لە گوندنشینان دەکەن.
بە گوتەی سەربەست لەزگین، ئەگەر هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان هەولێر و بەغدا نەبێت، جووڵەکانی داعش لەو ناوچانە کۆنترۆڵ ناکرێن.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین و رایگەیاند، ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت، ئەو پارەیەش بۆ 13 لیوایە و نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن.
سەربەست لەزگین ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مووچەی لیواکانی دیکەی دابەش دەکرد، بەڵام پێش ماوەیەک لە ئەمریکاوە فشار دروست کرا کە زووتر هاوکارییەکانی ئەمریکا بەسەر پێشمەرگەدا دابەش بکرێن، بۆیە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لەگەڵ گەیشتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا مووچە بەسەر ئەو 13 لیوایەدا دابەش بکرێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیاز نەبووە بە لێبڕینەوە مووچەی ئەو 13 لیوایە دابەش بکات، بەڵکو تەنیا چاوەڕێی کردووە هەموو لیواکانی پیشمەرگە پێکەوە مووچە وەربگرن.
ئەو دەشڵێت، ئەمریکا خۆی سەربەرشتیی دابەشکردنی ئەو هاوکارییە دەکات کە دەینێرێت، بۆیە لێبڕینیشی تێدا بکرێت پارەکە بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
سەربەست لەزگین لەوە نیگەران بوو کە هاوکارییەکانی ئەمریکا جیاوازی لەنێوان لیواکانی پێشمەرگەدا دروست دەکەن، جاری واهەیە دوو لیوا پێکەوەن، لیوایەک مووچە وەردەگرێت و لیواکەی دیکە چاوەڕوانی وادەی دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.



