بەرپرسێکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی تاران دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جێگری کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئێران دەکات و چالاکڤانانی مافی مرۆڤیی ئێران داوا دەکەن، سەردانەکە نەکات.
 
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە نەدا ئەلنەشیف، جێگری کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 03-02-2024 سەردانی تاران بکات. ئەو نووسینگەیە دەڵێت، ئەلنەشیف لەبارەی پرسەکانی لەسێدارەدان و مافی ژنان سەردانی ئێران دەکات.
 
ئەو سەردانە لە کاتێکدایە ئێران تاوەکو ئێستا رێگەی نەداوە، ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها ئەندامانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ژمارەیەکی زۆر چالاکڤانی مافی مرۆڤی و سیاسیی ئێران لە نامە و پەیامی جیاوازدا داوا دەکەن نەدا ئەلنەشیڤ سەردانەکەی بۆ ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
 
شیرین عیبادی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بە رێگەدان بە چوونی نەدا ئەلنەشیف گوشارەکانی سەر ئەو وڵاتە کەمبکاتەوە و وا پێشان بدات، هاوکاری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
 
داواش دەکات، جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی تاران نەکات و ئەگەریش ناچار بوو سەردانەکە بکات، لەچک لەسەر نەکات و جگە لە بەرپرسان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی، کەسوکاری قوربانییەکان وەکو خێزانی ژینا ئەمینی کۆببێتەوە. هەروەها سەردانی گرتووخانەکان بکات و چاوی بە بەندکراوانی سیاسی بکەوێت.
 
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ئەو داواکارییانەدا رایگەیاندووە، "ئەو نووسینگەیە پێیوانییە قسە نەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هاوکار بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی لەئارادایە".