گوتەبێژی هوداپار دەڵێ، هیچ ئاستەنگییەک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هوداپار دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا بە گرنگ دەزانێت و دەشڵێ، لە تورکیا هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەم کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان نییە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، سەرکان رامانڵی، گوتەبێژی هوداپار و پەرلەمانتاری تورکیا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە رایگەیاند: ''خەڵک لە دۆخێکی خراپدان و کەوتوونەتە بەر مەترسییەکی گەورە.''
 
سەرکان رامانڵی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ''بە هەر شێوەیەک'' بێت، دەستی هاوکاری بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان درێژ بکرێ ''تاوەکو لەو مەترسییە دەربچن.''
 
گوتەبێژی هوداپار دەڵێ، لە تورکیا هیچ ئاستەنگییەک لە بەردەم کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نییە و ئەمڕۆ رێگە دراوە خێرخوازانی تورکیاش لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هاوکاری پێشکێش بکەن و "ئێمەش وەک هوداپار بە هێزی نەتەوەییەوە درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین.''
 
سەرکان رامانڵی بانگەوازێک ئاراستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای عەرەبیی سووریا دەکات کە لە زووترین کاتدا رێکبکەون و ''هەوڵ بدەن لە رێگەی دانوستاندن و دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی چیدیکە مافی کورد پێشێل نەکرێ.''
 
گوتەبێژی هوداپار سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە دوای ئاگربەستیش هێرشی کردووەتە سەر هەندێک ناوچەی کۆبانی و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، دەڵێ: ''بە پێشێلکارییەکان زۆر خەمبارین. لە رێگەی پەرلەمانەوە یان لە هەر رێگەیەکەوە بێ، پێویستە دەنگی خۆمان بگەیێنین. ئەو کەسەی بانگەشەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتێک دەکات، پێویستە هەڵسوکەوتی لەژێر یاسادا بێ.''
 
سەرکان رامانڵی ئەوەشی خستەڕوو، هاوشێوەی کوردانی سەرانسەری جیهان کە دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، ''ئێمەش ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین و داوا لە تورک و عەرەبیش دەکەین [لەگەڵمان هاوڕا بن].''
 
گوتەبێژی هوداپار ئاماژەی بە ستەمەکانی دەسەڵاتی پێشووی سووریاش کرد لە کورد و گوتی: ''دوای ئەو هەموو ستەمە، پێویستە کوردیش بەشداربێ لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا.''
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 6 ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاری خێرایە.