هەسەدە: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق لە سنووری کۆبانی هێرشیان کردووە و شەڕ بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەبارەی دوایین پەرەسەندنە مەیدانییەکانی کۆبانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی چڕیان لە چەند قۆڵێکەوە کردووە."
ئەمڕۆ دووشەممە، هەسەدە رایگەیاند، لە کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی چڕیان لە چەند قۆڵێکەوە کردووەتە سەر شارۆچکەکانی خەراب عەشک و جەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانی. هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ تۆپبارانێکی سەختی گەڕەکەکان و دەوروبەری ئەو دوو شارۆچکەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا پێکدادانی تووند لەنێوان هەسەدە و گرووپە هێرشبەرەکان دروستبووە. "تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە، بەتایبەت لە شارۆچکەی جەلەبیە."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو گرووپانە هێزی پشتیوانیی وەک تانک و زرێپۆشیان هێناوەتە ناوچەکە، هاوکات "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاش بە چڕی لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕن."
هەسەدە دەڵێت، ئەم هێرشانە تەنیا لە دووەم رۆژی کاراکردنی رێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامدراون، ئەمەش "پێشێلکردنێکی ئاشکرای رێککەوتنەکەیە" و دەیسەلمێنێت دیمەشق پابەندی بەڵێنەکانی نییە و بەردەوامە لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان مافی رەوای بەرگری لەخۆکردن بەکاردەهێنن. دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم پێشێلکارییانە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی دەزانین." هەروەها داوا لە لایەنە گەرەنتییەکانی رێککەوتنەکە کراوە بەپەلە هەڵوێستیان هەبێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی دیمەشق.