چوونی هێزەكانی ئەسەد بۆ عەفرین چ ئاكامێكی دەبێت؟

26-02-2018
پۆڵ ئیدن
نیشانەکردن عەفرین
A+ A-

رووداو- هەولێر

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریا، ناسراو بە (هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سووریا)، گەیشتنە ناوچەی عەفرین، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە كوردییەكان لە عەفرین داوایان لە دیمەشق كرد لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەكانی سوپای توركیا و هێزە لایەنگرەكانی، بەرگری لە سنووری نێودەوڵەتیی سووریا بكات. ئەمە گۆڕانكارییەكی گرنگە و ئاكامەكانی تاوەكو ئێستا بەڕوونی دیارنین.

توركیا هۆشداری دابووە حكومەتی سووریا كە هێز رەوانەی ئەو ناوچانە نەكات و بۆ بەرگری لە عەفرین شانبەشانی شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شەڕ نەكەن. لەلایەكی دیكەشەوە توركیا پێشوازی لەوە كردووە كە هێزەكانی سەر بە رژێم دەست بەسەر عەفریندا بگرن، ئەمەش بەو مەرجەی هێزەكانی یەپەگە لە هاوكێشەكە بەرنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی ئامانجی بنەڕەتیی توركیا ئەوەیە لە دیوی عەفرینەوە هاوسنووری هێزە كوردییەكانی سووریا نەبێت.

پرۆفیسۆر جۆشوا لەندیس، شارەزای كاروباری سووریا لە زانكۆی ئۆكلاهۆما، پێیوایە هاتنی هێزەكانی لایەنگری ئەسەد بۆ عەفرین سەركەوتنێكە بۆ هەموو لایەك. لەندیس بە (رووداو)ی راگەیاند: "سەركەوتنی توركیا لەوەدایە كە كێشەی یەپەگە لە عەفرین (بۆ توركیا) چارەسەر دەبێت، كوردیش لەو گۆڕانكارییەدا براوەیە، چونكە دواجار لە بەرامبەر سوپای لایەنێكی دوژمنكاردا شكستیان نەهێناوە و سەر و ماڵیان سەلامەتە. ئەمە سەركەوتنێكە بۆ حكومەتی سووریاش، چونكە سەروەریی دەسەڵاتەكەی خۆی لە ناوچەیەكی دیكەش بەدەستهێنایەوە، دەتوانێت ئەو هەنگاوە وەكوو بەڵگەیەك نیشان بدات كە هێزەكانی هەڕەشە نین بۆ خەڵكی ناوچەكان، بەڵكو پارێزەری خەڵكن".

بە بۆچوونی لەندیس، ئەمریكا و رووسیاش دەتوانن ئەم هەنگاوە بە سەركەوتنێك بۆ خۆیان لەقەڵەم بدەن، چونكە ئەوانیش دەتوانن بڵێن "ئێمە كار بۆ سەقامگیریی سووریا دەكەین". شارەزا ئەمریكییەكە مەزەندە دەكات كە كەسانێكی زۆر لە واشنتن بە نیگەرانییەوە سەیری گۆڕانكارییەكانی هەفتەی رابردووی عەفرینیان كردبێت، چونكە "زۆر كەس لە واشنتن وای دەبینن كە هەر كاتێك حكومەتی سووریا بە یەكێك لە بەرژەوەندییەكانی خۆی گەیشتبێت، ئەو بەرژەوەندییە یەكسان بووە بە رەواندنەوەی نیگەرانییەكی ئێران". بۆیە پرسیارە سەرەكییەكە لە كۆشكی سپی ئەوەیە ئەمریكا هەنگاوەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نفووزی ئێران لە سووریا دەگۆڕێتەوە بە سەقامگیربوونەوەی رەوشی سیاسی و ئەمنیی سووریا؟ 

زیاتر لە هەفتەیەك بەسەر رێككەوتنەكەی حكومەتی سووریا و یەپەگەدا تێدەپەڕێت، بەرپرسانی یەپەگە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو كە رێككەوتنەكەی نێوانیان تەنیا دانانی كۆمەڵێك بنكەی سەربازی لە ناوچەكانی عەفرین لەخۆدەگرێت و هیچ رێككەوتنێكی سیاسی و كارگێڕی لەنێوان كورد و دیمەشقدا نەكراوە، بەو پێیەش یەپەگە رێگە بە هێزەكانی سووریا نادات بانگەشەی گرتنی هەموو كانتۆنی عەفرین بكەن.

بۆیە ئارۆن ستاین، لێكۆڵەری كاروباری سووریا لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك پێیوایە "جارێ زووە بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ دیمەشق بە كردەوە دەست بەسەر عەفریندا دەگرێتەوە یان نا". ستاین لەمبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "پێموانییە هێزەكانی یەپەگە لەڕووی فەرماندەیی و پێكهاتەی سەربازییەوە لە هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سووریا لاوازتر بن، بەم حاڵەشەوە دەبێت چاوەڕێ بكەین بزانین رووداوەكان بەكام ئاراستەدا دەڕۆن".

هێزەكانی ئەنقەرە هەرزوو هێزەكانی لایەنگری حكومەتی سووریایان لە عەفرین كردە ئامانج، ئەمەش دەكرێت هۆكار بێت بۆ ئەوەی هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی جارێ بیر لەوە نەكەنەوە لەگەڵ هێزەكانی یەپەگە شەڕ بكەن.

بە بۆچوونی ستاین "سەرنجڕاكێشترین شتی ئێستا پەیوەندی بە داینامۆی رووسیا و رژێمەوە هەیە". لە كاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێككەوتنە سەربازییەكەی یەپەگە و حكومەتی سووریا، بەرپرسانی یەپەگە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو كە رووسیا رۆڵی تێكدەری گێڕاوە.

لێكۆڵەرەكەی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "پێدەچێت سووریا بەگوێی رووسیای نەكردبێت و سەرەڕای رێككەوتنی رووسیا و توركیا بۆ ئاسانكاریی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون، هێزی رەوانەی عەفرین كردبێت". بۆیە ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ "رووسیا ناچار دەبێت لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە (یەكێكیان) هەڵبژێرێت یان نا".

بەر لە دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین، مۆسكۆ ئۆپەراسیۆنەكەی قەبووڵ كرد و ئەو هێزانەی كشاندەوە كە پێشتر بۆ رێگری لە پێكدادانی هێزەكانی یەپەگە و توركیا لە ناوچەی عەفرین جێگیری كردبوون، ئەمەش وایكرد هێزە كوردییەكان رووسیا بە خیانەتكردن لە كورد تۆمەتبار بكەن.

رووسیا هێز و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە چاودێریی توند بخاتە سەر ئاسمانی باكووری رۆژئاوای سووریا، بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەكان لە رۆژانی 5 بۆ 9ی شوبات و دوای كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی لە پارێزگای ئدلیب، ئەو كارەی كردووە. بەڵام لە نزیك چل رۆژی رابردوودا هێرشی ئاسمانیی توركیا لەسەر عەفرین بێ پسانەوە بەردەوام بووە.

ئەگەر دیمەشق نەتوانێت رێگە لە بۆردومانەكانی هێزی ئاسمانیی توركیا لەسەر عەفرین بگرێ، ئەوە پێناچێت ناردنی هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیش كاریگەرییەكی گەورە لەسەر رووداوەكانی مەیدانی شەڕ دابنێت. 

مانگی تشرینی یەكەمی 2016، هێزی ئاسمانیی توركیا بۆردومانی باكووری سووریایان كرد، لە ئەنجامدا ژمارەیەك شەڕڤانی یەپەگە كوژران. بەپێی راپۆرتێكی (حورییەت)ی توركیا، ئەوكات سووریا هۆشداری دابوو كە ئەگەر توركیا سنووری ئاسمانیی سووریا ببەزێنێت فڕۆكەكانیان دەخەنەخوارەوە. ئەوكات توركیا بۆ ماوەیەكی كورت هێرشە ئاسمانییەكانی راگرت، بەڵام دوای دانوستاندن لەگەڵ رووسیا جارێكی دیكە هێزی ئاسمانی خۆی لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەلبابدا بەكارهێنا.

ئەگەر رووسیا تاوەكو ئیستاش لەسەر بۆچوونی هەفتەی رابردووی خۆی بێت و پشتگیری لە بڕیارەكەی دیمەشق بۆ رێككەوتن لەگەڵ كورد نەكات، ئەوە رەنگە ئەنقەرە جورئەتی ئەوە بە خۆی بدات كە هەموو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سووریا كە رێگە لە چالاكیی فڕۆكەكانیان لە عەفرین دەگرن، بكاتە ئامانج. راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە سەرەتای مانگی شوبات، حكومەتی سووریا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لە هەردوو پارێزگای حەلەب و ئدلیب داناوە. 

گوتەبێژێكی یەپەگە بە ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاندووە ئەگەر بۆردومانی هێزی ئاسمانیی توركیا لەسەر عەفرین نەبووایە، وەدەرنانی هێزەكانی سەر بە توركیا "كاتێكی زۆری نەدەویست".
ئارۆن ستاین جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەشێت ئاكامی گۆڕانكارییەكانی هەفتەی رابردوو بەسترابێتەوە بەوەی "ئاخۆ توركیا سەركێشی دەكات و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، یان رووسیا هەوڵدەدات دۆخەكە كۆنترۆڵ بكاتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە