رووداو دیجیتاڵ
لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان و دوو پارێزگای تورکیا بەهۆی بارینی بەفر و ناجێگیریی رەوشی کەشوهەواوە، لە قوتابخانەکان کرایە پشوو. هاوکات لەو ناوچانە مۆڵەتی کارگێڕی بۆ بەشێک لە فەرمانبەران راگەیێندرا.
رۆژی پێنجشەممە 26-02-2026، لە پارێزگاکانی مەڕەش، مەڵەتی، دێرسم، چەولیگ، ئەرزەڕۆم و ئەرزینگان لە باکووری کوردستان، هەروەها لە پارێزگاکانی بایبورت و گوموشهانە لە تورکیا بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە قوتابخانەکان داخران.
بەپێی بڕیاری پارێزگاکان، لەو شوێنانەی پشووی خوێندن راگەیێندراوە، ئەو فەرمانبەرە حکومییانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن یان ژنانی دووگیانن، ناچنە سەر کار و ئەو رۆژەیان وەک مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێت.
شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما و سۆڵە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەراورد بە هەفتەی رابردوو 4 بۆ 6 پلە نزم دەبنەوە.
لە پارێزگاکانی سێرت، مەڕەش، ئێلیهـ و ئامەد، بەفر و باران دەبارێت. لە چەند پارێزگایەکیش لە دوێنێوە بەفرێکی زۆر باریوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی چەند رۆژێک سەرما و سۆڵە بەردەوام بێت.
کەشناسیی تورکیا هۆشداری دەدات سەبارەت بە کێشەکانی هاتووچۆ، بەستەڵەک، کڕێوە و رەنوو؛ داواش لە هاووڵاتییان دەکات رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ