رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک، سەرجەم ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 29ی ساڵی 2012، لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگاکە هەڵدەوەشێندرێنەوە.
نووسراوەکە لە 25ی شوباتی 2026 دەرچووە و ئاڕاستەی هۆبە کشتوکاڵییەکانی (شوان، قەرەهەنجیر، لەیلان، پردێ، سەرگەڕان، بەشیر، یایچی و سەنتەری شار) کراوە، تێیدا فەرمانکراوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی ماددەی 29 دەیانگرێتەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگی جێبەجێکردنی بڕیاری 29یە، کە پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر درابوو، دواتر لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە کە وەزیرەکەی خالید شوانییە، کار بۆ جێبەجێکردنی کرا."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی: "کێشەی زۆرمان لە ناوچەکانی سەرگەڕان، داقوق و لەیلان هەیە لەسەر ئەو زەوییانەی بڕیاری 'ئەتفا' دەیانگرێتەوە؛ ئەوانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس و بە بڕیاری لیژنەی ناوچەی باکووری هەڵوەشاوە، لە کورد و تورکمان وەرگیرابوونەوە و گرێبەستیان بۆ عەرەب لەسەر کرابوو."
عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک لیژنەی کشتوکاڵ بە وردی چاودێری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە دەکەن کە زۆرینەیان بۆ 'هاوردەکان' کراون. کۆی رووبەری ئەو زەوییانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە نزیکەی 700 هەزار دۆنم دەبێت، کە زۆربەی موڵکی کورد و بەشێکیشی موڵکی تورکمانە.
لە کۆتایی دا سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا کە گرێبەستەکان هەڵوەشێندرانەوە، دەبێت دەست بە جێبەجێکردنی مامەڵەی تاپۆ بکرێتەوە بۆ ئەو جوتیارانەی کە پێشتر تاپۆ بە ناوی خۆیانەوە بووە.



