قایمقامی سلێمانی: ئەو مریشکانەی دەرمانی 'فیوراڵتادۆن'یان پێدرابوو دەستیان بەسەردا گیراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ مەترسییەک لە بەکارهێنانی مریشکدا نییە و رایدەگەیێنێت، سەرجەم ئەو مریشکانەی دەرمانی "فیوراڵتادۆن"یان پێدرابوو، دەستیان بەسەردا گیراوە و نەخراونەتە بازاڕ.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا سەبارەت بە نیگەرانیی خەڵک لە کاریگەرییەکانی دەرمانی فیوراڵتادۆن رایگەیاند: "بەخۆشییەوە بەکارهێنانی دەرمانەکە لە پەلەوەرخانەکاندا سنووردار بووە و هیچ مەترسییەکی نەخستووەتە سەر ژیانی خەڵک."
 
بە گوتەی قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت، ئەو مریشکانەی ئەو دەرمانەیان پێدراوە نەگەیشتوونەتە بازاڕ، چونکە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوەختە پێی زانیوە و دەستی بەسەر دەرمان و مریشکەکاندا گرتووە.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 700 پەلەوەرخانە هەن. فازڵ عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی 18 کەس بەنیاز بوون دەرمانەکە بەکاربهێنن؛ گوتیشی: "هەندێکیان فریا نەکەوتن و ئەوانەشی بەکاریان هێنابوو، کاتی خستنەبازاڕی مریشکەکانیان نەهاتبوو."
 
ئەم بابەتە دوای ئەوە هات کە لە بەدواداچوونێکی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ـی رووداو ئاشکرا بوو، لە چەند پەلەوەرخانەیەک لە سنووری سلێمانی دەرمانێک بەکارهێندراوە کە زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە قەدەخەکراوە. ئەو دەرمانە هەرچەندە رێگری لە نەخۆشکەوتنی پەلەوەر دەکات، بەڵام مەترسیی زۆری تووشبوون بە شێرپەنجە بۆ ئەو کەسانە دروستدەکات کە گۆشت یان هێلکەکەی دەخۆن.
 
قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت دووبارە دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە "دەتوانن بەبێ دڵەڕاوکێ و ترس گۆشتی مریشک بخۆن."
 
هاوکات عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "پێش ئەوەی مریشکەکان بخرێنە بازاڕەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و لەو چوارچێوەیەشدا 16 تۆمەتبار دەستگیرکراون."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە