رووداو - هەولێر
گلەیی و ناڕەزایەتی شۆفێری ئەو بارهەڵگرانەی لەنێوان شارەکاندا هاتووچۆ دەکەن لەو بازگە نایاساییانەی کە گومرگ وەردەگرن، حکومەتی هێنایە سەرخەت و چەند بڕیارێکی دەرکرد.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 25-3-2018 دەرچووە و نێچراڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران واژۆی کردووە، چوار خاڵە:
- نابێت هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناوێکدا بازگەی نایاسایی دابنێت.
- هەر کەس و لایەنێک بازگەی نایاسایی دابنێت رووبەڕووی یاسا و سزا دەکرێتەوە.
- هاووڵاتییان لە کاتی بوونی بازگەی نایاسایی لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە.
- وەزارەتەکانی ناوخۆ، ئاسایش، داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی یاساکە جێبەجێدەکەن.
بڕیارەکانی حکومەت کە لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستانیش رۆڵی لە دەرکردنیان هەبووە، هەموو ئەو بازگانەی هەڵدەگرێت کە لەنێوان شارەکاندا دانرابوون و بڕی 10 یان 15 هەزار دیناریان لە شۆفێران وەردەگرت، پارەکەش نەدەگەڕایەوە خەزێنەی حکومەت.
فەرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "لە بنەڕەتدا دانانی بازگەی نایاسایی لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بووبێ نایاسایی بووە، دەرکردنی ئەو بڕیارەش لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بڕیارێکی دروست و گرنگە".
لە بڕیارەکەی حکومەت ناوی دەستەی دەستپاکی هاتووە بۆ جێبەجێکردن. سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، پێشتر نووسراویان بۆ حکومەت کردووە بۆ ئەوەی رێوشوێنی داخستنی ئەو بازگانە بگرێتەبەر، ئێستاش کە بڕیاری داخستنیاندراوە، چاودێری جێبەجێکردنەکەی دەکەن.
حاکم ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت "دەستخۆشی لەو بڕیارە دەکەین و چاودێرییشی دەکەین، هەر حاڵەتێک تۆمار بکەین حکومەت ئاگاداردەکەینەوە".
تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند بەدوادوچوونێکی رۆژنامەڤانیدا بوونی ئەو بازگانەی ئاشکراکردبوو، ئەو شۆفێرانەی قسەیان بۆ رووداو کردبوو دەیانگوت، گومرگی نایاساییان لێوەردەگیرێت، پاش ئەوەش حکومەت هاتە سەرخەت و بڕیاری داخستنی ئەو بازگانەی بەدواداهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ