تەرمی هاونیشتمانییەکی وان چوار رۆژە لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە


رووداو دیجیتاڵ

تەرمی هاونیشتمانییەکی خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستان کە لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە، ماوەی چوار رۆژە لە شوێنی رووداوەکە ماوەتەوە؛ لەسەر کوژرانی ئەو کەسە، دوو کەس دەستگیرکراون.
 
فەهیم تۆسون، دانیشتووی گوندی ئەلبێسی سەر بە شارۆچکەی ئەلباک (باشکالێ) لە پارێزگای وان، چوار رۆژ لەمەوبەر لەسەر سنووری نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لە شوێنی کوژرانەکەیەتی و نەهێنراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری مانەوەی تەرمەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان چاوەڕێی گەیشتنی داواکاری گشتی و تیمی شارەزای پووچەڵکردنەوەی مین دەکەن بۆ ئەوەی پشکنینی شوێنی رووداوەکە بکەن. گوندنشینانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەفر و رەشەبایەکی تووند لە ناوچەکەدا هەیە و ئەوەش بووەتە رێگر لە گەیشتن بە تەرمەکە.
 
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە، دوو ئامۆزای فەهیم تۆسون بە ناوەکانی (رۆژهات ئاڵتۆسون) و (سەرهات ئەسڵان) وەک گومانلێکراو دەستبەسەرکراون و ئێستا لە فەرماندەیی جەندرمەی ئەلباک راگیراون.
 
ئەو دوو گەنجەی دەستگیرکراون، هەمان ئەو کەسانەن کە لەگەڵ برایەکی گەورەی فەهیم تۆسوندا بۆ یەکەمجار تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
ئێستا خێزانی تۆسون و گوندنشینانی ئەلبێس چاوەڕێی رێکارە یاساییەکان و باشبوونی کەشوهەوا دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن تەرمەکە وەربگرنەوە و لە گوندەکەی خۆیان بە خاکی بسپێرن.