هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی پەسندکرا؛ مووچەکانیان دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ نیشاندا و دۆسیەکانیان بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری زیندانیانی سیاسی دەڵێت، بە پەسندکردنی لەلایەن بەغداوە، مووچەکانیان لە 500 هەزارەوە دەبێتە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێککەوتبووین و تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مابوو؛ ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە نیشانداوە بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان بۆ بەغدا و هاوتاکردنی مووچەکانیان."
 
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی گوتی، رۆژی 18ـى ئادار، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نووسراوى ژمارە (3045) رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنەکە نیشانداوە. لە نووسراوەکەدا بڕیاردراوە بە "پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتیی دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و ئەندامیێتیی سکرتێرى ئەنجوومەن، وەزیرى دارایى و ئابوورى، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، فەرمانگەى هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێم لە بەغدا."
 
ئامانجی لیژنە باڵاکە یەکلاکردنەوەی کۆتایی پرسی گواستنەوە و هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و دابینکردنی تەرخانکراوی داراییە بۆیان. ئەحمەد مام رەسووڵ گوتی: "جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و هاوتاکردنی مووچەکان بەستراوەتەوە بە هەبوونی یاسای بودجە لە عێراق و تەرخانکردنی دارایی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە."
 
پێشتر و لە 27ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق کردبوو. ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام وەک بەڕێوەبەرە گشتی دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانیانی سیاسیی عێراق، زیندانیانی هەرێمیش دەگرێتەوە."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. لەو ژمارەیەش: 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.