سەمیر هەورامی: کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەر بکەن، ئینجا باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی دەکەین

26-04-2023
هەڵات رێبوار
 سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یۆنانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و لەبارەی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند "کێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەر بکەن، ئینجا باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی دەکەین".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-04-2023، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی بۆ یۆنان راگەیاند، "بۆ دابینکردنی مووچە، سلێمانی 30 بۆ 32 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە". هەروەها دەڵێت "داوامانکردووە پرسی مووچە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت".
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا یەکێک لەو بابەتانەی دەخرێتەڕوو، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتە بۆ لای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
سەمیر هەورامی لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات "داواکارییەکانی یەکێتی داواکاریی گشتین، کە سەرەکیتیریان پرسی مووچەیە. ئێمە، دەمانەوێت لە هەرێمی کوردستان مووچە بکرێت بە سیادی، ناکرێت لە شارێک دابەش بکرێت و لە شارێکی دیکە دابەش نەکرێت"
 
هەروەها گوتیشی "ئێستا من لەگەڵ بانکی ناوەندیی هەرێم / سلێمانی لەسەر هێڵ بووم، نزیکەی 30 بۆ 32 ملیار کورتهێنانمان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە".
 
گوتەکانی سەمیر هەورامی لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و خانەنشینان لە چەند بانکێکی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، جیاکاری لە دابەشکردنی مووچە کراوە و، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیێندراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوە و گوتی "بەپێی زۆری و کەمیی مووچە و پلەکانیان، کاتی دابەشکردنی مووچەیان بۆ دیاری کراوە... جیاکاری کراوە و کەسی بەرپرس لەو جیاکارییەش رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە". 
 
لە وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ "کە لە سلێمانیش هەمان شت کراوە، پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان مووچەیان نەدراوە؟" سەمیر هەورامی جەختی لەوە کردەوە "گرفتی کەمیی داهات لە سلێمانیدا هەیە. تەنیا مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان نەوەستاوە، بەڵکو مووچەی شارەوانی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دابەش نەکراوە".
 
هەروەها ئاماژەی بەوە دا "یەکەی حیسابیی مووچەی پێشمەرگەی گوڵان و ئەیلوول لە هەولێرە، دەزانن کێشە و گرفت هەیە، بۆیە بەداخەوە لەبری ئەوەی پێشەکی بودجەکەیان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی دابەشبکرێت، دەوەستن تاوەکو کێشە دروست دەبێت، ئەوانیش بڕیارێکی نایاسایی دەدەن بە راگرتنی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی کە ئەمە بەراستی جێگەی تێڕامانە و دەبێت خودی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی هەڵوێست وەربگرن".
 
قوباد تاڵەبانی بۆ جاری دووەمە بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی ساڵانی دێڵفی دەکات لە یۆنان، کە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان کە رەنگە لە داهاتوودا رووبدەن. کۆڕبەندەکە پلانی چارەسەرکردن بۆ ئەو گرفتانە دادەنێت.
 
گوتەبێژەکەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەجێندای کارەکانی قوباد تاڵەبانی لەماوەی کۆڕبەندەکە گوتی "سبەی گفتوگۆیەکی کراوەی لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا دەبێت و باسی دیدی خۆی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە دەکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.