لەبارەی کێشەی بازرگانان و بازگەکانەوە یاداشتێک دەگەیێندرێتە سوودانی

26-04-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، بڕیارە بچنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەری کێشەی رێگریکردن لە ناردنی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان.

د. سەلاحەدین ئەحمەد، راوێژکار لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، بڕیاری دانانی 'کیوئاڕ' کۆد و رێگریکردن لە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان لە بازگەکان، پێچەوانەی مادەیەکی ئاشکرای دەستوورە کە مادەی 24ـە و دەڵێت 'دەبێت گواستنەوەی بەرهەم و سەرمایە لەنێو هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق دەبێت ئازادانە بێت'. 
 
11 رۆژە وادە 15 رۆژییەکە بۆ رێگەدان بە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە تەواو بووە و چیدیکە رێگە بە تێپەڕینیان نادرێت. لە کۆتایی ئەم مانگەوە شێوازی وەرگرتنی فۆرمی کیوئاڕ کۆد دەکرێتە ئۆنڵاین.
 
ئەو راوێژکارە گوتیشی، "لە یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق باسی ئەم بابەتەمان کردووە. ئەم جۆرە بازگانە لەنێوان شارەکانی عێراق نین".
 
بە گوتەی د. سەلاحەدین، بڕیارەکە بۆ دانانی بەربەستە لەبەردەم بازرگانانیی هەرێمی کوردستان. کێشەکە لەدوای 2017ـەوە پەرەی سەندووە، کاتێک هێزە جیاجیاکان لە بازگەکان زیادکران.
 
ئەو قسانەی د. سەلاحەدین ئەحمەد، لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بوڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی رۆژی شەممە 26-4-2025 کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی کرد.
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، پێشتر ئەو هێزانە رێککەوتنیان لەگەڵ بازرگانان کردبوو و رێگەیان پێدەدان دەرباز بن، بەڵام لە 14ـی ئایاری 2024، حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، دەبێت لە 72 کاژێر بگوازرێنەوە ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق.
 
راوێژکارەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، ئەم بڕیارە لەگەڵ جموجووڵی بازرگانی ناگونجێت، چونکە کاڵاکان سەرەتا لە کۆگەکان دادەنرێن و بەپێی خواست رەوانەی شارەکان دەکرێن. ناکرێت هەمووی بە یەکجار رەوانە بکرێن.
 
جگە لەوە، عێراق یەک بازگەی داناوە کە بازگەی موسڵە، ئەوەش کەمە و وادەکات بەشێک لە مادەکان تێکبچن.
 
بازگەی موسڵ تایبەتە بە بەرهەمی هاوردەکراو، بەڵام بازگەی کەرکووک تایبەتە بە رەوانەکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان. 
 
د. سەلاحەدین ئەحمەد دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت بازرگان و خاوەن کارگەکان بچن لە بەغدا خۆیان تۆماربکەن، بەڵام ئێستا ئەوەش قبووڵ ناکەن، بۆیە "نیازیان ئەوەیە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەن."
 
یەکێک لە زیانەکانی رێگریکردن لە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە تێچووی بەرهەمەکان زیاد دەبێت بەهۆی زۆر مانەوەیان.
 
ئەو راوێژکارە دەڵێت، دوای وەرگرتنی کیوئاڕ کۆدیش، بڕوامان نییە عێراق بەربەستەکان لابدات. 
 
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکە، راوێژکارەکە دەڵێت، وەک ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، یاداشتێکمان داوەتە ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق. چەندین کۆبوونەوەی باڵاش لەسەر ئەم پرسە کراوە؛ لەنێویاندا لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە لە هەولێر کرا. 
 
گوتیشی، لە 17ـی ئەم مانگە یاداشتێکمان داوەتە راوێژکاری ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژوورە بازرگانییەکانی عێراق.
 
باس لەوەشدەکات، لە 21ـی ئەم مانگەش، شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانیان کردین؛ یاداشتێکمان داوەتە ئەوانیش. نیازێک هەیە لە ماوەی داهاتوودا وەک ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بچینە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و باسی چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین. 
 
لە 11ـی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى لە دەروازە سنوورییەکان بە هەرێمى کوردستانیشەوە راگەیاندووە.
 
ئەو کۆدە مەرجە بۆ تێپەڕبوونى کاڵا لە بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و نابێت 72 کاژێر بەسەر هاتنەژوورەوەی تێپەڕبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.