رووداو – دهۆك
ژنێكی تەمەن 15 ساڵ دوای ئەشكەنجەدانی لەلایەن هاوسەرەكەی، هەر بە دەستی ئەو دەكوژرێت. بەپێی قسەی ئەو ژنەی تەرمەكەی شووشتووە "هەردوو دەستی شكێندرابوون و چەرم بە دەستەكانیەوە نەمابوو ئێسكەكانی خڕە خڕیان دەهات".
(رووداو) وێنەی ئەو كچەی دەستكەوتووە دوای كوژرانی، كە دەموچاوی شێوێندراوە، چاوێكی ئاوساوە و رەش و شین هەڵگەڕاوە، چەند برینێكیش لەسەر چەناگەی و سەر و مل و سینگ و دەموچاوی هەیە.
دنیا ناوی ئەو كچە تەمەن 15 ساڵانەی ناحیەی كەلەكچی پارێزگای دهۆكە كە لەلایەن مێردە 45 ساڵییەكەی لە حاڵەتێكی تەمومژاویدا كوژراوە و جەستەی شێوێندراوە، پیاوەكەش دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە هەڵاتووە.
دنیا ساڵێك دەبێ سەر بەهەوێ شووی كردووە. دایكی دنیا چیرۆكی سەرەتای دروستبوونی كێشەی نێوان كچەكەی و مێردەكەی بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە "پیاوی كچەكەم تەلەفۆنی بۆ كردین و گوتی بە چوار كەس بینیومانە كە لەگەڵ كوڕێكدا بووە لە ماڵەوە".

بەڵام دایكی دنیا گومانی لە قسەی زاواكەی هەیە و دەڵێ "چۆن كەسێك چووەتە لای كچەكەم كە خێزانی ئەوان نزیكەی 17 كەسن لەماڵێكدا و دەوروبەریشیان هەموویان برا و خزمی مێردی كچەكەمن؟". ئەو بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت "ئەی چۆن كە چوار كەس ئەو كوڕەیان بینیوە لەلای كچەكەم لەدەستیان رزگاری بووە؟ ئەی بۆ دەستگیریان نەكرد؟".
لەنێو خەڵكی كەلەكچی وا بڵاوبووەتەوە كە ئەو كچە پەیوەندی لەگەڵ كوڕێك هەبووە بۆیە كوژراوە. بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە كوردستان، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 11 ژن كوژراون.
دایكی دنیا باسی ساتەكانی پێش كوشتنی كچەكەی دەكات و دەڵێت "شەوی پێنجشەممەی رابردوو 22/5/2014 كچەكەم تەلەفۆنی كرد و گوتی وەرن لێرە شەڕە، ئێمەش لە دهۆك بەڕێكەوتین بۆ كەلەكچی، بەڵام پێش ئەوەی بگەینە كەلەكچی پیاوەكەی تەلەفۆنی كردو گوتی لەگەڵ دنیا قسە بكە، دنیاش پرسیاری باوكی كرد، منیش گوتم باوكت نەخۆشە و لە نەخۆشخانەیە".
دایكی دنیا دوا گوتەی كچەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێ "ئەمە دوایین قسەیە لەگەڵت دەكەم، ئەوان هەر قسەیەك بكەن راست دەكەن و ئیدی تەلەفۆنەكە دادەخات، منیش نەمزانی چی بكەم و چی بڵێم جگە لە گریان". پێدەچێت دنیا پێشوەخت ئاگاداری پیلانی مێردەكەی بووبێ.
وا بڵاوكرایەوە كە ئەو ژنە دوای كوژرانی بە چەقۆ، پارچەی هەستیاری جەستەی لێكراوەتەوە و بەدوای ئۆتۆمبێلدا راكێشراوە، بەڵام خزمێكی نزیكی ماڵی پیاوی ژنەكە رەتیدەكاتەوە كە ژنەكە بە دوای ئۆتۆمبێلدا راكێشرابێ و گوتی "نزیكەی ساڵێكە ئەو ژنە مارەكراوەو تەمەنی چواردە ساڵێك بوو، بیستوومانە پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكی دراوسێیان هەبووە، بۆیە كوژرا".
بەڵام ئەوانەی تەرمەكەیان شووشتووە، دەڵێن شوێنەواری راكێشان و گژوگیا بە سەر و پشتییەوە دیاربوو. مەهدییە مستەفا، ئەو ژنەی تەرمی دنیای شووشتووە دەڵێ "هەردوو دەستی كچەكە شكێنرابوون، تەنانەت گۆشتی پێوە نەمابوو، ئێسكەكانی دەستی خڕە خڕیان دەهات، شوێنەواری گوللە بە پشتییەوە دیاربوو".
دایكی دنیا دەڵێت كە هەواڵی كوشتنی كچەكەیان لێشاردووەتەوە و ویستوویانە فێڵی لێبكەن "كاتێك چوومە ماڵی پیاوەكە گوتیان هەستن با بچین كچەكەت بكوژین، لەوكاتە بووە شەڕە قسە و منیش گوتم كوا كچەكەم؟ بەمنیان گوت كچەكەت لەگەڵ پیاوەكەی هاتوون بۆ ماڵی ئێوە (ماڵی باوكی كچەكە). بەڵام كە گەڕاینەوە وانەبوو، ئیدی بازگەكانمان ئاگاداركردەوە و رۆژی دواتر لە بنكەی پۆلیسی شێخان بە ئێمەیان گوت تەرمی كچەكەتان رەوانەی پزیشكی داد كراوە".
بریندار حەمید شەریف، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای دهۆك بە (رووداو) ی راگەیاند كە "پیاوەكە ژنەكەی لە دەرەوەی كومەڵگەی كەلەكچی كوشتووە و شوێنی دیار نییە كە خۆی لە كوێ حەشارداوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ پیاوەكە دەرچووە".
باوكی كچەكەش ئێستا لەماڵ كەوتووە، ئەو كاتەی (رووداو) سەردانی ماڵەكەی كرد، ماوە ماوە تەلەفۆنێكی بۆ دەهات، دووجار گوتی ئەمە فڵانە ئاغا بوو، ئەمە فڵان كوڕە ئاغا بوو.. هەموویان داوای سوڵحی عەشایەرییان دەكرد، بەڵام ئەو گوتی "با بە بەڵگە بیسەلمێنن كە كچەكەم بەدڕەوشت بووە، من لێیان خۆشدەبم، ئەگەر نا لێیان خۆش نابم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ