26-05-2022
15:18
نێچیرڤان بارزانی: دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 27ی بنەڕەتی لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ گوتار دەدات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن و رایگەیاند، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە "جارێکی دیکە لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە:
ئامادهبووانى بهڕێز،
پێشمهرگه قارهمانهكان،
فهرمانده و مامۆستايان و ڕاهێنهرانى بەڕێز
دەرچووانی خۆشهويستى خولی 27ی بنەڕەتی لە کۆلیژی سەربازیی 2
كهسوكارى بهڕێزيان،
ههموو لايهكتان به خێر بێن، سهرچاوان..
بهخێرهاتنى نێردهى وڵاتانى هاوپهيمان دهكهم ئهوانهى له شهڕى دژى داعشدا هاوكارييان كردين. هاوكارييان بهرز دهنرخێنين و سوپاسيان دهكهين. بهخێرهاتنى نێردهى ديپلۆماسيى وڵاتانى بيانى له ههولێر دهكهين.
ههموو لايهكتان به خێر بێن سهرچاوان.
خۆشحالم کە ئەمڕۆ لێرەم لە زاخۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا، بۆ ئەوەی هەموومان لە دڵەوە و پێکەوە پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی 499 دەرچووی خولی 27ی بنەڕەتی کۆلیژی سەربازیی 2 لە زاخۆ بکەین. پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست و، دایکوباوک و کەسوکارتان دەکەم بۆ ئهم سهركهوتنه، تهمهندرێژ بن، سهركهوتوو بن بۆ خزمهتى وڵاتهكهتان. لێره سهرهڕاى پيرۆزبايى له ههمووتان، دهمهوێ پیرۆزباییەکی تایبەتیش لە (ئیلداد ئەبریم یلدەخانی) بکەم، کە تاکە قوتابی و دەرچووی مەسیحییە لەم خولەدا. هیوادارم لە خولەکانی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر مەسیحی، تورکمان و ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برا ئێزدییەکان ببینین. زۆر دڵم خۆش بوو کە لە کۆلیژی سەربازیی 3 لە قەلاچۆلان ژمارەیەک دەرچووی ئافرەتم بینین، پێشتر لێرهش له زاخۆ، ئافرهتى دهرچووى ئهم خولانه ههبوون، هیوادارین لە خولەکانی داهاتووی کۆلیژی سەربازیی زاخۆدا ژمارهيهكى زۆرتر و بهرچاوتر ببینین.
خۆشحالم کە ئەمڕۆ دەبینم دەرچووانی ئەم خولە خەڵکی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و دهرهوهى ههرێمن. بەشداری خەڵکی هەموو ناوچەکان لەم خولانەدا و پێکەوەبوونیان له شوێنێك، هۆکارێکی یارمەتیدەری یەکخستن و یەکبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
دەستخۆشییەکی تایبەت لە راگری کۆلیژی سەربازیی 2 لە زاخۆ دەکەم، هەروەها دەستخۆشی لە هەموو ئەو مامۆستا و راهێنەرە سەربازییانە دەکەم کە بە درێژایی ئەم خولە قوتابییەکانیان فێری زانست و تەکنیکە سەربازییەکان کردوون و، رووحی بەرزی پێشمەرگایەتیان فێری قوتابیانی ئەم خولە کردووە.
سوپاسی کاری بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرکەوتنی ئەم خولە، هەروەها سوپاسی هاوکاری وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەم.
جێگەی دڵخۆشییە کە کۆلیژی سەربازیی 2 لە زاخۆ، لە ئاستێکی هەرە لەپێشدایە لە عێراق و لەکاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1996ەوە تائێستا 56 خولی بنەڕەتی و ئەفسەران لەم کۆلیژە دەرچوونە.
دامەزراندن و پێشخستنی کۆلیژی سەربازیی زاخۆ، ههر له ڕۆژى دامهزراندييهوه هەمیشە جێگەی بایەخپێدانێکی تایبەتی سەرۆک بارزانی بووە و، لێرەوە بەناوی خۆم و هەمووتانەوە سوپاسی دەکەین. ههر لهم دهرفهتهدا (60) ساڵهى پێشمهرگايهتيى جهنابيان بۆ دۆزى ڕهواى كوردستان، پيرۆز دهنرخێنين.
پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان..
ئەمڕۆ ٢٦ی گوڵانە و یادێکی پیرۆزی مێژووی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی کوردستانە. ٢٦ی گوڵان یادکردنەوەی خۆڕاگری و سەرهەڵدانەوەی خەباتی پێشمەرگایەتییە لە کوردستان لە رۆژگارێکی زۆر سەخت دا، ئەوانەی ئەوکات بە دووژمنیان گوت پێشمەرگە ماوە و کوردستان هەر دەمێنێت، ئهمڕۆ دواى ئهو ههموو ساڵه، دووباره به ڕێز و پێزانينهوه ئهو خهباتكار و دڵسۆز و پێشمهرگه قارهمانانه، به بير دههێنينهوه. سڵاو لە هەموو ئەو قارەمانانەی ئەو رۆژە شۆڕش و خەباتی پێشمەرگانەیان دەستپێکردووە، سڵاو لە گیانی پاک و پیرۆزی ئەو قارمانانەی گیانی خۆیان به فيدا كرد و کردە قوربانی لەپێناو مانەوەی کوردستان و، نەهێشتنی دیکتاتۆری و بەیهێنانی ئازادی بۆ گەلی کوردستان و هەموو عێراق. سڵاو لە یادی هەردوو شۆڕشی ٢٦ی گوڵان و شۆڕشی نوێ كه بۆ ئازادى و خهبات و بهرخودان و ڕزگاريى گهلهكهمان، دهستيان پێكرد و خهباتيان كرد.
زۆر خۆشحالم کە لەو رۆژەدا لێرەم لە زاخۆ، زاخۆی خۆڕاگر، زاخۆى شۆڕشگێڕ، زاخۆ و زاخۆییەکان رۆڵێکی زۆر کاریگەر و سەرەکییان لە شۆڕشی گوڵاندا دا گێڕا، شۆڕشی گوڵان لەم ناوچەیەدا سەرەتا و بناخەی سەرکەوتنی دانا.
زاخۆ لەبەرئەوەی ناوەندێکی سەرەکی خەباتی پێشمەرگە بووە، هەر لەبەرئەوەش ئەم کۆلیژە لێرە دامەزرێندرا.
ئامادەبووانی بەڕێز..
هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزی پارێزەری کوردستانە و بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بەڵام لەکاتی شەڕی داعش دا وەک هێزێکی سەرەکی بەرنگاربوونەوەی داعش، بووە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیش بۆ تێکشکاندن و لهناوبردنی داعش و پاراستنی ئارامی ناوچەکە و ئازادی و ئارامى لە جیهاندا.
بەداخەوە داعش هێشتا ماوەو، هێرشەکانی لە زیادبووندان لە ههندێ ناوچه، بەتایبەتیش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. رۆژانە ئەم هێرشانەی داعش دەبنە هۆی شەهیدبوونی خەڵکی ئەم ناوچانە و پێشمەرگە و حەشد و سەربازانی سوپای عێراق. ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بوونەتە بنکە و کۆریدۆری تیرۆریستانی داعش و شوێنی خۆرێکخستنەوەی، ئەوەش هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق، هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر ههموو جیهانیش.
زیادبوونی هێرشەکانی داعش و هەڕەشەی رۆژانەیان لەسەر ژیانی گوند و شارۆچکەکانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بەلای ئێمەوە پێویستی بە پێکەوە کارکردنێکی هەمەلایەنە. دەبێ دڕندەیی و مەترسی داعش بە کەم نەبینین، چونکە داعش کۆمەڵکوژی زۆر گەورەی بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجامدان و چەندین ناوچەی وێرانکردن و بووە هەڕەشە بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان و هەموو جیهان. ئێستاش داعش خاوەنی هەمان فکر و ئاراستەی کوشتن و وێرانکردنە. بۆیەش زیادکردنی هاوکاری لەنێوان پێشمەرگە و سوپا و، دەستبەکاربوونی زۆر خێرا و هەر ئێستای هەردوو لیوای هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە زۆر پێویستە لەو ناوچانەدا.
لەو باردۆخەدا دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، پێشخستنی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە، پێویستییەکی زۆر گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. پێشمەرگە پێویستی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە. پێشمەرگە تائێستا بە چەکی زۆر سادە، بەڵام بە فیداکارییەکی گەورە و بە خوێنی خۆی قارەمانییەکی زۆری نواندووە و زۆر داستانى گهورهى له بهرخوداندا تۆمار كرووه هاوکارییەکی زۆری سوپای عێراقی کردووە.
ئێستا یارمەتیدانی پێشمەرگە لەلایەن حکومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانانەوە زۆر له جاران پێویستترە. داوا لە حکومەتی فيدراليى عێراق و، هاوپەیمانان دەکەم زیاتر یارمەتی پێشمەرگە بدەن بە مەشق و چەک و ئامێری پێشکەوتووی سەربازی و ڕاهێنان.
ئامادەبووان و لایەنە سیاسییەکان..
ناوبانگ و رێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە جیهان دا لە هەموو کات بڵاوترە، بەشداری پێشمەرگە لە پاراستنی هەموو پێکهاتەکان دا لە هەموو کات دیارترە، كه ئهم خاڵێكه ههميشه پێى سهرفرازين و شانازى پێوه دهكهين، بەڵام مانەوەی دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری حیزبی دا رێگرە لە پێشکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەردەوامبوونی دەستوەردانی حیزبی وادەکات بەردەوام مەترسی ئەوە بمێنێت کە پێشمەرگە بکرێتە بەشێک لە ناکۆکی سیاسی حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان دا، ئەوەش هەڕەشەیە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و بەڕێوەبردن و یەکێتی هەرێمی کوردستان.
لەبەرئەوە جارێکی دیکە لێرەدا وەک داوای خەڵکی کوردستان، وەک پێویستییەکی نیشتمانی و وەک ئەرکی یاسایی خۆمان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن و بەبێ پەشیمانبوونەوە کۆتایی بهم دهستتێوهردانه بهێنن.
تائێستا هەردوو هێزی پشتیوانی 1 و 2، هەروەها 22 لیوای هێزەکانی 70 و 80 خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام بەس نییە و دەبێ هەموو هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و هاوکات هەموو دەرگاکانی دەستوەردانی حیزبیش دابخرێن. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ یەکخستنی پێشمەرگە و، بەتەواوی پشتیوانی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم بوارەدا. بەڵام بۆ ئەوەی هەموومان لەو ئەرک و هەوڵەماندا سەرکەوین، دەبێ کۆتایی بە دەستوەردانی حیزبی لە ههموو لايهنهكانهوه، بهتايبهتى لهلایەن پارتی و یەکێتييهوه بێت و ئهم قۆناغه تێپهڕێنين و هێزهكانى پێشمهرگهى كوردستان ببنه هێزێك بۆ ئهو سوێندهى خواردوويانه كه ههميشه بهرگرى له كوردستانييان و له كوردستان دهكهن.
چەند ساڵێکە وڵاتانی هاوپەیمان پلانی یەکخستنی پێشمەرگەیان هەیە و به سوپاسهوه کاری لەسەر دەکەن، ئەمە دەرفەت و پشتیوانییەکی زۆر گەورەیە بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان. خەڵک لە دوای راپەڕینەوە داوای یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، ئێستا دەتوانین ئەم پرۆسەیە بە یارمەتی هاوپەیمانان سەربخەین. خهڵكى كوردستان داواى يهكخستنى پێشمهرگه دهكات. لەبەرئەوە داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم وەک نوێنەری خەڵک بە وردی چاودێريی پرۆسهى يهكبوونى هێزى پێشمهرگه بكات.
پێشمەرگە کە دروستبووە بۆ گەلی کوردستان و بۆ پاراستنی کوردستان دروستبووە، نەک بۆ حیزب و پاراستنی حیزب، ئەوە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە تەواوی بکرێتە هێزێکی سەربەخۆی دوور لە دەستوەردانی حیزبی.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان...
ناکۆکی نێوان حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان ئێوەی ماندووکردووە، زیانی بە بازاڕ و کەسابەتی ئێوە گەیاندووە و، دەرگای کردووەتەوە بۆ مەترسی و فشاری زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر ئێوە وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە هەوڵی کۆکردنەوە و تفاقی نێوان حیزبەکان بدەین لەسەر پرسە نیشتمانییەکان. هیوادارین لە ماوەیەکی نزیک دا ئەنجامی باشی ئەم گفتوگۆیانە ببینن و، رێککەوتنی هەموو حیزبەکان بە کردەوە لەسەر ئامانج و پرسە سیاسییە نیشتمانییەکان ببینن.
لەکاتی کۆبوونەوەکانمان دا لە سلێمانی، ئامادەییەکی زۆرباشمان لە هەموو لایەک بینی بۆ دانیشتن و نەهێشتنی ناکۆکییەکان. ئێستا زەمینە لەبارە بۆ گفتوگۆکردن و رێککەوتن. دوێنێ كۆبوونهوهيهكى باشى نێوان يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان و پارتى ديموكراتى كوردستان بهڕێوه چوو. به پشتيوانيى خوا لەو ماوەیەدا زنجیرە کۆبوونەوەیەک دەبینن. بهو هيوايهى بگهينه ڕێككهوتنێكى باش و ئارامى و سهقامگيرى و خۆشگوزهرانى بۆ گهلهكهمان دابين بكهين. زۆر پێویستە تاک بە تاکی گەلی کوردستانیش پشتیوانی ئەم ئاراستەیە بکەن و، دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ کێشەیەک نییە لە هەرێمی کوردستان نەتوانین بە دانیشتن چارەسەری بکەین.
ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە هەر ناوچەیەکی عێراق کار لە بارودۆخی هەموو ناوچەکانی دیکەی عیراق دەکات. بەرژەوەندی و سەروەری ئێمە وەک عێراقی لە هەموو ناوچەکان دا هاوبەشە و یەکە. ئێمە هەموومان و ئەو پێشمەرگانەی ئەمڕۆ لەم خولە دەرچوون و سوێنديان خوارد، پێكهوه تەماشای سەقامگیری و سەروەری هەموو عێراق دهكهين.
ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا کاریگەری خراپی لە هەموو عێراق کردووە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ناکۆکی نێوان حیزبەکان لە هەرێمی کوردستانیش کێشەی زیاتری بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق دروستکردووە. هەموو هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی سیاسی لە بەغدا و هەولێر تەواوکەری یەکترن. نەهێشتنی ناکۆکی نێوان حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی تەواوکەری نەهێشتنی چەقبەستوویی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو عێراقە، لەبەرئەوە دەبێ هەموو لایەکمان هاوکاری یەکتربین لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە سیاسییە.
گرانی ئهمڕۆ ژیانی هەموو خەڵکی جیهانی زەحمەت کردووە. هەبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان و چەقبەستوویی سیاسی عێراق، وایکردووە خەڵکی عێراق زۆرتر بکەوێتە ژێر ئەم بارە گرانەوە. لەبەرئەوە پێویستە بە نەرمی نواندنی زۆر بەرامبەر یەکتر کرانەوەیەکی تەواو لە پرۆسەی سیاسی دا لە عێراق دروستبکەین.
ئێمە هەموومان عێراقین و بەشێکین لە عێراق، لەبەرئەوەش دەبێ هەموومان بەو رووحەوە بەرەو چارەسەری کێشەکان بچین. دهبێ ههموومان پێكهوه دابنيشين و چارهى هاوبهش بدۆزينهوه و يهكترشكاندن و يهكترقبووڵنهكردن كۆتايى پێ بهێنين. چونکە ئەم چەقبەستووییەی ئێستا زۆر مەترسیدارە بۆ هەموو عیراق.
هاوكات دەمەوێ لێرەدا داوا لە حکومەتی فیدرالیی عێراق و هەموو دەسەڵات و دامەزراوە فیدرالییەکان له عێراق بکەم، کە بە چاوی تەواوکەر و هاوبەش تەماشای هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە هەموومان یەکین و، سەرکەوتن و شکستەکانمان هاوبەشن. پاراستن و بەرژەوەندی و پێکەوەژیانمان له هەموو ناوچەکانی عێراق يهكه و ئەرکی حکومەت و دامەزراوە فیدرالییەکانی عێراقە بە پلەی یەکەم. خەڵکی عێراق پێویستی بە ئارامی و پێشکەوتنە و، بەهیچ شێوەیەک حەزی لە کێشەی زیاتر نییە. بۆیەش نابێ بهغدا ئهو بڕوايهى ههبێت كه بێدەسەڵاتکردنی هەرێمی کوردستان كردارێكى باشه.
من لێره داوا له بهغدا دهكهم، ئهگهر به جددى بهغدا وهك بهشێك له عێراق سهيرى ههرێمى كوردستان دهكات. ئهگهر بهغدا هاووڵاتييانى ههرێمى كوردستان به بهشێك له هاووڵاتييانى عێراق دهزانێت، دهبێ به زووترين كێشهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و بهغدا، چارهسهر بكات. نابێ و دروست نييه هاووڵاتييانى ههرێمى كوردستان وهك بهشێك له هاووڵاتييانى عێراق، ههميشه له دڵهڕاوكێدا بن لهوهى ئاخۆ له عێرقهوه مووچهيان بۆ دێت، يان نا؟!
قسهى من بۆ دهسهڵاتدارانى عێراق ئهوهيه كۆتايى بهم مهسهلهيه بهێنن. ئهگهر دهتانهوێ و پێتان وايه هاووڵاتييانى ههرێمى كوردستان بهشێكن له عێراق، دهبێ كۆتايى بهو فشاره بهێنن كه ئێستا هێنده له بهغداوه دێته سهر ههرێمى كوردستان. بڕوام وايه پێكهوه دهرفهتمان ههيه ههموو كێشه و گرفتهكان لهگهڵ بهغدا لهسهر مێزى گفتوگۆ چارهسهر بكهين. ئێمه جددييهتمان دهوێت، حكوومهتى ههرێمى كوردستان جددييه لهوهى كێشهكان لهسهر مێزى گفتوگۆ و لهسهر بنهماى دهستوورى عێراق چارهسهر بكات.
خۆشهويستيى شارهكانى عێراق، خۆشهويستييه بۆ ههرێمى كوردستان، خهڵكى مووسڵ، بهغدا، بهسرا، ئهنبار، كهركووك، ههولێر و سلێمانى يهكتريان خۆشدهوێت. خهڵك هيچ كێشهيان لهگهڵ يهكتر نييه. خهڵك پێيان خۆش نييه و حهز ناكهن ئهمه بهردهوام بێت. هيوام وايه كۆتايى بهم مهسهله بهێنن و به زووترين كات كێشه و گرفتهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و بهغدا به ديالۆگ و لهسهر مێزى گفتوگۆ چارهسهر ببن.
دووباره پيرۆزبايى له ههمووتان دهكهم، هيوام سهركهوتنتانه بۆ خزمهتى كوردستانييان. تهمهندرێژ بن، وهفادار بن بۆ ئهو سوێندهى خوادووتانه بۆ بهرگرى له خاكى پيرۆزى كوردستان.
ههموو لايهكتان به خێر بێن سهرچاو.
زۆر سوپاس.
14:20
سەربەست لەزگین: پارتی پشتگیری لە داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت ئەوان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لەو داوایەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەستوەرنەدان لە کاروبای پێشمەرگە و ئاماژە بەوەش دەدات, بۆئەوەی بتوانن هەرێمی کوردستان لە هەموو مەترسییەکان بپارێزن "پێویستە پێش هەموو شتێک هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەین."
رۆژی پێنجشەممە 26-05-2022 لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا لەبارەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە گوتی، "ئەو گوتانەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە کردی، ئەمە داخوازیی هەموو گەلی کوردستان و کوردستانیانە. وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لەسەر ئەو رێگەیە بۆئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبهێندرێت."
بە گوتەی سەربەست لەزگین جگە لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە "هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە، بۆئەوەی بتوانین هەرێمی کوردستان لە هەموو مەترسییەکان بپارێزین، پێویستە پێش هەموو شتێک هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەین."
سەبارەت بە دەستوەرنەدان لە کاروباری پێشمەرگە، سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوە کرد، "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پەیامی ئەو پەیامی گەلی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، هەموومان پشتگیری لە داواکارییەکانی دەکەین و پارتی دیموکراتی کوردستانیش پشتگیریی لێدەکات."
13:41
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەیەکی باش بوو
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەیەکی باش بوو، ئینشائەڵڵا بەردەوام دەبن، ئەو کەشەی ماوەیەک لەمەوپێش لە کوردستاندا هەبوو، بەرەو کۆتایی دەچێت."
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هەموومان چاوەڕێین و بە ئومێدین."
12:28
وەزیری پێشمەرگە: متمانەیەکی باش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ رایگەیاند، "تاڕاددەیەک متمانەیەکی باش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە."
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "بوونی هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالا،ن کۆلێژی ئەرکان لە چوارقوڕنە کە ناوکی دامەزراندنی سوپای نیزامیی هەرێمی کوردستانن، با هەموومان کار بۆ پشتیوانیکردنیان بکەین تاوەکو بتوانن ئەو رۆڵە مەزنەی خۆیان بگێڕن و لە ئاییندەدا بەرزترین ئەکادیمیای نیشتمانیی کوردستان بن."
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای کارکردنمان لە بواری رێکخستن و یەکخستنی هێزەکان و بەردەوامیدان بە کاروانی چاکسازی، لەڕووی زانستی سەربازیشەوە قۆناخی باشمان بڕیوە، لەمیانی پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەگەڵ بەڕێز وەزیری بەرگریی عێراق و بەڕێز جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، توانیومانە بەشێکی زۆر لە گرژییەکانی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق چارەسەر بکەین."
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی، "دەتوانم بڵێم تاڕاددەیەک، متمانەیەکی باش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە، ئەگەر لیوای 20یش بڕیاری لێدرابووایە بچووبایە بواری ئەرکی سەربازیی خۆیەوە لە ناوچەی بۆشایی، ئەوا خوێنی رۆڵەکانی کوردستان و عێراقیش بەهەدەر نەدەڕۆیشت و رووبەڕووی گرووپی تیرۆریستیی داعش نەدەبوونەوە، بۆیە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکرا و نەدەتوانرا تیرۆریستانی داعش بە ئارەزووی خۆیان تەراتێنی تێدا بکەن."
بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، وەزارەتەکەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر پشکی کورد و پێشمەرگە لە کۆلێژ و زانکۆ سەربازییەکاندا رێککەوتوون، "بۆ ئەمەش بەربژێری ئێمە لە کۆلێژ و ناوەندە باڵا سەربازییەکان وەرگیراون و بۆ یەکەمجاریش پشکی پێشمەرگە لە زانکۆی نیشتمانیی عێراقی دیاریکراوە." دەشڵێت، "لەمەودوا ئەرکی گرنگ و هەستیار دەدرێت بەو ئەفسەرانەی کە هەڵگری بڕوانامەی سەربازین و پڕۆفیشناڵن لە بوارەکە و پیشەکەیاندا، ئەمەش یەکانگیرە لەگەڵ پلان و بەرنامەکانی ریفۆرم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیماناندا."
وەکو شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی پێکرد، ئەرکی پێشمەرگە و ئەفسەرانی پێشمەرگە رێکخراونەتەوە و زیاتر پابەندکراون بە دسپلینە سەربازییەکان، کەمکردنەوە و بەهەدەردان و خراپ بەکارهێنانی دارایی لە یەکە و لیواکان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پشکنین و ژمێریاریی سەربازیی وەزارەت کە "هەنگاوێکی زۆر گرنگە و دەستیان بە کارەکانیان کردووە، هەر لەو روانگە و رووەوە، لە رابردوو و ئێستاشدا بەردەوام دەبێت، بە ملیارەها دینارمان گەڕاندووەتەوە خەزێنەی حکومەت."
وەزیری پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، "سەرلەنوێ رێکخستنەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تۆکمەکردنیان لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیاری لەئەستۆگرتنی بودجەکەی لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە سەنگەرەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە نۆژەن کراونەتەوە."
شۆڕش ئیسماعیل پێیوایە کە ئەگەر دەستوەردانی حیزبی نەبێت، دەتوانن "کاری گەورەتر" بکەن و دەڵێت، "لەگەڵ هاوکارەکانمان لە وەزارەت لە ئاستی تێگەیشتنی هەموو لایەک و بۆ کارکردن وەکو یەک تیم بە گیانی لێپرسراوێتییەوە بوونی هەیە و توانیومانە بەیەکەوە قۆناخی سەخت و دژوار تێپەڕێنین و کاری گەورەتریش دەکەین ئەگەر دەستوەردانی حیزب نەبێت. بۆئەوەی هیچ جۆرە ململانێیەکی سیاسی و حیزبی کار لە ئاراستەی ئێستای کارەکانی وەزارەت نەکات، بۆ ئەمەش لیژنەیەکمان راسپاردووە لەسەر دیاریکردنی مەرجەعیەتی سەربازی کە یاسا و رێسا و دسپلینە سەربازییەکانە."
لە پرۆسەی چاکسازیدا، بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، "بۆ یەکەمینجار لە وەزارەتی پێشمەرگە لیستێکی 830 کەسی، کە پێکهاتبوون لە فەرماندەی باڵا و ئەفسەران، رەوانەی خانەنشینی کراون، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بووە لە پرۆسەی چاکسازیدا، ئەم پرسە گرنگەش وەکو بنەمای نوێبوونەوەی هێزی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."
لەبارەی پرسی دامەزراندنەوە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی، "داوامان لە بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە دەرگای دامەزراندن لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تەجنیدی سەربازی بکاتەوە، بۆئەوەی خوێنی تازە ببەخشین بە شادەمارەکانی هێزی پێشمەرگە."
بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، گۆڕانکاری لە نزیکەی 100 پۆستی کاریگەر و باڵای وەزارەتەکەیاندا کراوە و بەردەوامیش دەبێت، "پلەی کارمەندانی پێشمەرگەمان بەرزکردووەتەوە و لە کاتی خۆیدا وەریدەگرن و جیاوازیی مووچەکانیشیان بۆ بەستراوە، لە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانیشدا دۆسیەکانی وەزارەتمان رێکخستووەتەوە، بە گەڕانەوەی خشتەی ئەمجارە کە بەمنزیکانە تەواو دەبێت و دەکەوێتە سەر رێچکە و چیدی دواناکەوێت." هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو کە "بە تەواوی بە راستی و دروستیی لیستی کەمئەندامانی سەنگەر و شەهیدان و خانەنشیناندا چووینەتەوە، لەڕێگەی لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕەوە شایستە و ناشایستە لێک جیاکراونەتەوە."
شۆڕش ئیسماعیل سوپاسی رۆڵ و پشتگیری و پاڵپشتییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و گوتیشی، "چاوەڕێی زیاتریان لێدەکەین تاوەکو بگەینە ئامانجە دیاریکراوەکانمان."
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین لە دروستکردن و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو، چونکە هەموومان دەزانین مەحاڵە بەبێ بوونی هێزێکی مۆدێرنی یەکگرتووی پێشمەرگە باس لە قەوارەیەکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان بکەین، نە لە ئێستا و نە لە ئاییندەشدا."
10:43
سیروان بارزانی: هیچ کەسێک دژی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، هەموو لایەک پشتگیری لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات و هیچ کەسێک نییە دژی ئەو یەکخستنەوە بێت، ئاماژە بەوەش دەدات کە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیری لەو هەنگاوە دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 26-05-2022، لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند، "هەموو کاتێک یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە شتێکی گرنگە، دەرچووانی ئەو دوو خولە لە کاتێکدایە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکرێت لەلایەن هاوپەیمانانەوە."
سیروان بارزانی دەڵێت، "ئێمە رۆژ بە رۆژ پێویستیمان بە ئەفسەرانی ئەکادیمی هەیە، دوای دەرچوونیشیان ئەو ئەفسەرانە پەیوەندی بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە دەکەن و هاوکارێکی باش دەبن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەو پێیەی مەشق و راهێنانی ئەکادیمییان بینیوە."
سەبارەت بە کاردانەوەی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە گوتی، "ئەوەندەی ئێمە بینیومانە کەسێک نەبووە پێی خۆش نەبێت هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێنەوە، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک هەموویان لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ پشتگیریی ئەو پرۆسەیەیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەو ساردییەی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبوو ئەو پرۆسەیە سستیی تێکەوتبوو."
سیروان بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "دووپاتکردنەوە لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جێگەی دڵخۆشیی هەموو پێشمەرگەیەک و جەماوەری کوردستان بوو و هاندەرێکیشە، تەنانەت بۆ هاوپەیمانانیش جێگەی دڵخۆشی بوو بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە خێراتر ببێت."
10:18
نێچیرڤان بارزانی گەیشتە زاخۆ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەران لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ گەیشتە زاخۆ و بڕیارە گوتارێک پێشکێش بکات.
لە رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازیدا 499 پێشمەرگە دەبنە ئەفسەر.
10:06
جەبار یاوەر: هەنگاوە گرنگەکەی نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی لێکەوتەوە
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە "گرنگ" دەزانێت و بە گرنگییشەوە لە گوتارەکەی دەڕوانێت و دەڵێت، "گوتارەکە ئاماژەیەکی زۆر گرنگی تێدابوو، هەم بۆ ئاییندەی پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا، هەم بۆ مەسەلەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، هەم بۆ مەسەلەی ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان و چۆنێتیی دوورخستنەوەی مەترسییەکان."
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی پێنجشەممە 26-05-2022، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانیی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات.
لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێکە لەو پرۆژە 35 خاڵییەی کە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و 4 وڵات (ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا) رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە ساڵی 2018وە کاری لەسەر دەکرێت."
بە گوتەی جەبار یاوەر، لە پرسی رێگری لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بابەتەکە ژمارە نییە تاوەکو بێن و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆیان بکەنەوە، "ئەوەی کە زۆر گرنگە چۆنێتیی یەکخستنی بیر و باوەڕە، چونکە هێزە چەکدارەکان لە هەموو دونیادا بیر و باوەڕێکی جەنگییان هەیە و دەبێت لە خزمەتی نیشتماندا بن و بەرژەوەندیی باڵایان نیشتمان بێت نەک بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی."
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەدات کە "پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە، تاوەکو دوێنێ و پێرێ دوو لیوای تازەمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکخستووە. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە 21 لیوای یەکگرتوومان هەیە، کە لە یەکەکانی 70 و 80وە وەرگیراون، واتە لە یەکێتی و پارتی، لەگەڵ دوو هێزی گەورە کە ژمارەکەیان دەگاتە سەرووی 60 هەزار پێشمەرگە."
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە پرسی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، جەبار یاوەر گوتی، "ئەو هەنگاوەی سەرۆکی هەرێم، هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی سەردانیکردنی شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو گوتارەی لە کۆلێژی قەڵاچوالان پێشکێشی کرد، ئاماژەیەکی زۆر گرنگی تێدابوو هەم بۆ ئاییندەی پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا کە ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەری کێشەکانمان، هەم بۆ مەسەلەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەم بۆ مەسەلەی ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان، هەم بۆ مەسەلەی چۆنێتیی دوورخستنەوەی مەترسییەکان."
جەبار یاوەر گوتیشی، "دەرئەنجامی ئەو هەنگاوە گرنگەش، بینیمان یەکەم کۆبوونەوەی لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە، لە هەمان کاتدا پەرلەمانیش کۆبوونەوەی هەبوو. هەموومان ئومێدێکی گەورەمان هەیە وردە وردە لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکان ئەو هەنگاوانە بنرێن، بۆئەوەی لەسەر پرسە نیشتمانییەکان رێککەوین."
09:38
نێچیرڤان بارزانی بەشداریی رێوڕەسمی دەرچوونی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ دەکات
لە خولی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ 499 خوێندکار دەبنە ئەفسەر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-05-2022 لە زاخۆ رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازی بەڕێوەدەچێت، 499 پێشمەرگە دەبنە ئەفسەر. نێچیرڤان بارزانی بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکات.
رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازی لە زاخۆ 27ـەم خولی دەرچوونە، ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمەکە کراوە. کەسوکاری دەرچووەکان ئامادە دەبن، ئەفسەرەکان بەناو گۆڕەپاندا دەڕۆن، یەکەمەکان خەڵات دەکرێن کە پلەی بەرزیان بەدەستهێناوە.
جومعه عهبدولكهریم، دهرچووییەکی ئەکادیمیای سەربازی دەڵێت، "پێشتر لە شەڕدا من پێشمهرگه بووم، هەندێک ئەرک هەبوو 100٪ نەماندەتوانی جێبەجێی بکەین، بەڵام ئێستا هاتینە خولی فێربوون و ئەو ئەرکانە فێربووین."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکات. پێشتریش رۆژی یەکشەممە بەشداریی رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان کرد.
وهزیر محهممهد ئهمین، ئەفسهرى خولى 27 دەڵێت، "هاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێمە خەڵاتە." سامان سهردار، ئەفسهرى خولى 27 دەڵێت، "بەشداریکردنی جەنابی سەرۆک [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] گڕوتینە بۆمان، هەروەها لەلایەکی دیکەوە بۆ خێزانەکشمان جێگەی دڵخۆشییە."
رێباز خدر، ئەفسەرێكی دیکەیە و دەڵێت، "داواکاریی ئێمە لە نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە کە بەردەوام گرنگی بە مەشق و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە بدات."
بهرهڤان شاكر، ئەفسەرێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە داوا لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین جیاوازی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە نەکرێت، هەمووان لەژێر چاودێڕی و فەرماندەیی ئەو بە یەک لیست خزمەت بکەن."
دەرچووانی خولی 27ی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ دوو ساڵ و چوار مانگ مەشق و راهێنانی سەربازییان کردووە. لەو ماوەدا فێری نوێترین زانستی سەربازی بوون. چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی دووژمن و سەرپەرشتیکردنی شەڕ ئەو وانانەن بوون کە راهێنانیان لەسەر کردووە.
ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ لە ساڵی 1996 لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزراوە. لە ساڵی 2004 چووە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەو کاتەوە نزیکەی هەشت هەزار ئەفسەری لەو ئەکادیمیاوە چوونەتە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
09:26
نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
ئەمڕۆ لە زاخۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی دەرچووانی ئەکادیمیای سەربازی بەڕێوەدەچێت، 499 پێشمەرگە دەبنە ئەفسەر.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-05-2022 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، لە زاخۆ رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمەکە، موقەدەم کۆڤان عامر، بەرپرسی راگەیاندنی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "دەرچووانی خولی 27ی بنەڕەتیی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ دوو ساڵ و چوار مانگ مەشق و راهێنانی سەربازییان کردووە. لەو ماوەیەدا لەڕێگەی چەندین وانەی تیۆری و پراکتیکییەوە لە بواری سەربازیی سەردەمدا پێگەیێندراون و پلەی ملازمی دووەمیان پێدەدرێت."
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ، ساڵانە "نزیکەی 500 بۆ 1000 قوتابی لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب لەو ئەکادیمیایە بە پلەی ملازم دەردەچن، دەرچووانی ئەو کۆلێژەش لە هەموو یەکەکانی لەشکری کوردستان و عێراق ئەفسەری نموونەیی بوون لەنێو سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە."
موقەدەم کۆڤان عامر ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە ئامادە دەبن.
رۆژی یەکشەممە 22-05-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگەی لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالانی سلێمانی کرد و گوتارێکیشی پێشکێشکرد.
بڕیارە ئەمڕۆش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوەڕەسمەکەدا گوتارێک پێشکێش بکات و بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە گوتارەکەیدا جگە لە بابەتە سەربازییەکان، ئاماژە بە هەندێک بابەتی دیکەی گرنگ بدات، هەم پەیوەست بە پارێزگای دهۆک و هەمیش پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش.
ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ لە ساڵی 1996 لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزراوە، لە ساڵی 2004 چووە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەو کاتەوە نزیکەی 8000 ئەفسەر لەو ئەکادیمیاوە چوونەتە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.