رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دابەشکردنی زەوی بەسەر ئاوارە گەڕاوەکان لە شنگالەوە تاوەکو خانەقین دەگرێتەوە.
ئەم ژن و پیاوە 13 ساڵ ئاوارەی حەویجە بوون، وێڕای پڕکردنەوەی فۆڕم، بەڵام قەرەبووی دارایی ماددەی 140یان وەرنەگرتووە و چاویان لەوە لە پێدانی زەوی بە ئاوارەکان، بێبەش نەکرێن.
سانیە ئەحمەد ئاوارەی گەڕاوە دەڵێت: "لە حەویجە بووین کە سەدام رووخا گەڕاینەوە کەرکووک و لەگەڕەکی قادسیە نیشتەجێ بووین،لەوێ دۆخمان باش نەبوو، تا ئەم خانووە بێ تاپۆیەمان کڕی، لە هیچ حکومەتێک بستێک زەویمان وەرنەگرتووە و چاومان لەو زەوییە وا بەنیازن دابەشی بکەن و نائومێدمان مەکەن."
دابەشکردنی زەوی 39 هەزار و 500 خێزانی ئاوارەی گەڕاوە دەگرێتەوە، بۆ هەر خێزانێک 200 مەتر چوارگۆشە لە شوێنی لە دایکبوونی دیاری دەکرێت، پرۆسەکە ئەوانەش دەگرێتەوە لە قەرەبووی مادی مادەی 140یان وەرنەگرتووە.
عەلی عەدنان نوێنەری جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک دەڵێت: "ئەوانەی کە قەرەبووی 10 ملیۆنیان وەرگرتووە و ئەوانەشی وەریاننەگرتووە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە کە کۆی گشتیان نزیکەی 39 هەزار و 500 خێزانە، دەبێت لە ئەمڕۆ بەدواوە پارێزگاکان مامەڵەی پێدانی زەویان بۆ رایی بکەن."
ئۆڤیسی کەرکووکی مادەی 140، هەموو رێکارەکانی تەواو کردووە و چاوەرێ دیاریکردنی زەوییە، تاوەکو دابەشبکرێت.
کاکە رەش سدیق بەرپرسی ئۆڤیسی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت: "هەمووی خراوەتە سەر قورسی سی دی و لەوێوە دەستپێدەکەن و دەتوانین جیایان بکەینەوە، تا بزانرێت کێ خەڵکی قەرەهەنجیرە یان خەڵکی شوانە، ئەم زەویانە دابەش دەکرێت لەسەر بنەمای شوێنی لەدایکبوون، واتا ئەو خێزانە لەکوێ لەدایکبووبێتن و لەسەر چ شوێنێک قەرەبوویان وەرگرتووە، لەوێ زەویان پێدەدرێت."
بەدابەشکردنی زەوی بەسەر ئاوارە گەڕاوەکان، قۆناخی یەکەمی جێبەجێکردنی مادەی 140 تەواو دەبێت و قۆناغەکانی سەرژمێره و گشتپرسی دەمینیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ