رووداو - دهۆک
لە رێوڕەسمێکدا لە دۆرێ لە بەرواری باڵا لە ئامێدی، گۆڕی یەکەم پێشمەرگەی ژن لە شۆڕشی ئەیلوولدا نۆژەن دەکرێتەوە و چەند چالاکییەکیش ئەنجامدەدرێن.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە ئامێدی رایگەیاند، مارگرێت جۆرج، بە یەکەم پێشمەرگەی ژن لە شۆڕشی ئەیلوولدا دادەنرێت، کە لە ساڵی 1961 لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لەوکاتەی مەلا مستەفای بارزانی گەیشتە دەڤەری بەرواری باڵا، مارگرێت و باوکی، کە بە نەتەوە ئاشووریبوونە و ئایینیاشیان کریستیان بووە و لەڕووی نیشتمانیشەوە کوردستانیبوونە، پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکەن، لەوکاتەدا مارگرێت تەمەنی 19 ساڵ بووە.

مارگرێت وەکو هەموو پێشمەرگەکانی دیکە بەشداری لە شەڕەکاندا کردووە، یەکێک لەو شەڕانە داستانی زاویتە بووە، بە گوتەی شایەدحاڵەکان مارگرێت لەو شەڕەدا رۆڵێکی کاریگەری وەکو خانمە پێشمەرگەیەک بینیوە و تاکە خانمە پێشمەرگەیەکیش بووە لەو کاتەدا شان بەشانی پێشمەرگە پیاوەکان شەڕی کردووە، تاوەکو لە ساڵی 1969 لە رووداوێکی تەمومژاویدا شەهید دەکرێت.

گۆڕی مارگرێت جۆرج نۆژەنکراوەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 26-6-2018 لە رێوڕەسمێکدا لەسەر گۆڕی مارگرێت جۆرج چەند گوتەیەک لەلایەن کەسوکارەکەی و بەپرسانی ناوچەکە خوێنرایەوە.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ