رووداو - هەولێر
حوسێن کۆکەن، کە بە کونکردنی شاخێک لە نزیک شاری پاوەی رۆژهەڵاتی كوردستان نێوبانگی دەرکردووە، رۆژی سێشەممە 26-7-2016 لە تەمەنی 86 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

حوسێن عوسمانی کە بە خاڵۆ حوسێن کۆکەن دەناسرێت، لە 28 سێپتەمبەری 1930 لەدایکبووە. ئەو کە لە کاتی راودا بەهۆی دەرچوونی گوللەیەکی بەهەڵە بەدەستی خۆی قاچێکی لەدەستدا، لە ماوەی 19 ساڵدا بە قوڵنگ (تەور) شاخێکی کون کرد و بەرهەمێکی هەتاهەتایی خوڵقاند، بەو هۆیەوە بە فەرهاد کۆکەنی دووەم ناوی دەرکرد.

ئەو لە دڵی شاخێکی نزیک شارۆچکەی باینگانی سەر بە شاری پاوە خانووێکی دروست کرد، کە چەندین ژوور و حەمام لەخۆدەگرێ و تەنانەت گۆڕی خۆشی هەر لەوێ هەڵکەندبوو.

حوسێن کۆکەن ساڵی رابردوو قاچی شکا و دوای نەشتەرگەری لە جێگەدا کەوتبوو. ئەو نزیکەی مانگێک بوو باری تەندروستی تێکچوبوو.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ