خوێ بە مانا

26-08-2016
زانا ئه‌حمه‌د
نیشانەکردن خوێ
A+ A-

د.زانا ئەحمەد*

خوێ یەكێكە لەو ماددانەی رۆژانە بەكاری دەهێنین. سوودی زۆرە و زیانیشی زۆرە، بۆیە وەك چۆن زۆر خواردنی زیانی بۆ تەندروستی هەیە، ئاواش نەخواردنی زیانی هەیە.

خوێ لە دوو پێكهاتەی سەرەكی پێكدێت: سۆدیۆم و كلۆراید. سۆدیۆم رۆڵێكی زۆر كاریگەری هەیە لە رێكخستنی هاوسەنگیی شلەمەنی لە جەستەدا، هەر وەك رۆڵی هەیە لە فرمانی دەمار و ماسوولكەدا. كلۆرایدیش پێكهاتەیەكی سەرەكیی ترشی گەدەیە و بەم جۆرەش رۆڵی زۆری هەیە لە كرداری هەرسدا. بەم جۆرە نەخواردنی خوێ ، واتە كۆسپ خستنە بەردەم ئەم فرمانە زیندەگییانەی جەستە. جگە لەمانە، زۆر جار یۆد (ئایۆدین)یش تێكەڵی خوێ دەكرێ كە كەمیی ئەم ماددەیە سەر دەكێشێ بۆ گەورەبوونی غوددە و كەمبوونی ئەو هۆرمۆنانەی دەریاندەدات.

بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی خوێدا كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی بەدواوەیە، بەتایبەتی گوشاری بەرزی خوێن و لەمیشەوە نەخۆشییەكانی گورچیلە و جەڵتەی دڵ و مێشك. هەر وەك هۆیەكی دیاری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدەشە.

خوێ‌ بخۆین یان نا؟

ئەوەی كە زانستی پزیشكی لەو مەسەلەیەدا دوای ئەو هەموو ساڵە پێی گەیشتووە، هیچ نییە جگە لەوەی باب و باپیرانمان سەتان ساڵ لەمەوپێش پێیگەیشتوون! ئەی ئەوە نییە گوتوویانە "هەموو شتێك بە خوێ، خوێش بە مانا". ئینجا ئەوەتا ئێستاش هەر بەوەی لەوانەوە بۆمان ماوەتەوە، بمانەوێ گوزارشت لە كەمیی شتێك بكەین، دەڵێین "بە خوێی چێشت".

زانستی پزیشكیی سەردەمیش هەر وا دەڵێت، بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)  كەسێكی پێگەیشتوو نابێ رۆژانە لە 2 گرام سۆدیۆم زیاتر وەربگرێ كە ئەمەش لە پێنج گرام خوێدا هەیە. كەوچكە چایەك خوێش شەش گرامە. كەواتە ئەوەی كە مرۆڤ بۆی هەیە لە رۆژێكدا بیخوات ناگاتە كەوچكە چایەكیش خوێ!

یەكێك لە هۆكانی ئەوەی بۆچی لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا نەخۆشی زۆر زیادی كردووە، زۆر بەكاربردنی خوێیە. ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە بەشێوەیەكی گشتی  مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە رۆژانە 10 گرام خوێ دەخۆن، واتە دوو هێندەی رێژەی رێگەپێدراو. ئەو رێژە زۆرەش بەهۆی زۆر خواردنی ئەو خواردنانەیە كە رێژەی زۆری خوێیان تێدایە، وەك خواردنە خێراكانی سەندویچ و پیتزا، خواردنی لە قوتونراو و ترشیات، پەنیر و زەڵاتە.

خوێ رۆڵی زۆری هەیە لە تامی چێشتدا، بۆیە كە باسی بێتامیی شتێك بكرێ، دەگوترێ وەك "چێشتی بێ خوێ وایە". ئەمەیە وا دەكات كە بە بڕی زۆر لە خواردنی خواردنگە و خواردنە ئامادەكراوەكان بكرێت، تا سەرنجی كڕیار رابكێشرێت! ئەمە یەكێكە لە نهێنیی ئەوەی دەگوترێ خواردنی دەرەوە لەوەی ماڵەوە خۆشترە. چونكە ژنانی ماڵەوە بیر لە تەندروستیی هاوژین و منداڵەكانیان دەكەنەوە، بەڵام خاوەن چێشتخانەكان زیاتر بیریان لای گیرفانیانە!

با هەوڵ بدەین خوێ بەكاربردن كەم بكەینەوە. توێژینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان دەرخستووە كە كەمكردنەوەی خوێ بە رێژەی گرامێك رۆژانە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ بە رێژەی 30% كەم دەكاتەوە.

بە كورتی: خوێ زۆر خواردنی خراپە و نەخواردنیشی خراپە. رەنگە باشترین رێنماییش بۆ پاراستنی ئەو هاوسەنگییە ئەوە بێت بڵێین، تەنیا چێشت بە خوێوە بخۆن، ئیدی نەكەن خوێ بەسەر سەوزە و میوەدا بكەن. هەروەها تاوەكو خواردنی دەستی دایكت و هاوژینەكەشت وەستابێ‌، خواردنی دەستی بێگانە مەخۆ. هەتا بۆشتان دەكرێ‌ خۆتان لە خواردنی لە قوتونراو بپارێزن.

*قوتابیی بۆرد لە هەناو و شارەزا لە دروستیی خۆراك

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە