رووداو دیجیتاڵ
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری تەمویلی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە.
ئەوە واتە بڕیار لە ناردنی پارەکە دراوە، بەڵام هێشتا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە هەولێر.
ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی سێشەممە بگات، چاوەڕێ دەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژێکی کەم دابەشی بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مانگە 53 ملیار دیناری لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو جیاوازیەی کە لیستی مووچەی مانگەکانی رابردوو هەبوو. وەزارەتی دارایی پێیوایە مانگەکانی رابردوو زیاتری ناردووە و ئەم مانگە ئەو جیاوازی و زیادەیەی مانگەکانی رابردووی بڕیوە".
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی 34 ملیار و 657 ملیۆن و 489 هەزار و 988 دینار بۆ مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژی 18ـی مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە سێ نووسراوی فەرمی، مووچەی سێ فەرمانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووە؛ کە بریتین لە دیوانی چاودێریی دارایی، مووچەی گرێبەستەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی 21ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد.
رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق نزیکە لەوەی دەستپێبکات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 7ـیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ