بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە: مامۆستایانی خانەنشینبوو تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ وانە دەڵێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن نزیکە و بەشێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکان دەڵێن، مامۆستایانی خانەنشینبوو تاوەکو کۆتایی ساڵ وانە دەڵێنەوە.
سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، "بەگشتی 238 مامۆستا و فەرمانبەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینبوون، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لەسەر وانە گوتنەوە و خزمەتکردن بەردەوام دەبن."
سەبارەت ئەوەی پەیوەندیی بە دابینکردنی پەرتووکەوە هەیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە گوتی، ''65%ی کتێبی پێویست بۆ گەنجینەی پەروەردەکەمان نێردراون. چاوەڕێی ژمارەیەکی زیاتری کتێبین، بۆئەوەی بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشیان بکەین."
هاوکات یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، ''کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ئەم ساڵ گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشین بوون، بەڵام کێشە بۆ کەرتی پەروەردە دروست نابێت، ئەوەش بەهۆی مامۆستای دیکەوە لە سنووری پەروەردەکەمان، لەوانە لە رێگەی رێکخستنەوەی میلاک یان ئاڵوگۆڕی مامۆستاکان لە قوتابخانەکان بۆئەوەی هەر بۆشاییەک هەیە پڕی بکەنەوە.''
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی راپەڕین گوتیشی، "ئامادەکاری تەواو بۆ وەرزی نوێی خوێندن کراوە، 100%ی کتێبمان گەیاندووەتە کۆگای پەروەردەکان لە شارە جیاوازەکانی ئیدارەکە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەتوانن وەریانبگرن. هەموو قوتابخانەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن ئامادەن."
بەڵام یوسف جەلال باسی لە هەبوونی کێشەش لە بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەکە کرد، لەوانەش گرفتی کەمیی باڵەخانە و قوتابخانە، "چونکە چەندین ساڵە هیچ قوتابخانەیەکی نوێ دروست نەکراوە."
لەبارەی هەمان بابەت، نەوزاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن کراوە و کتێبی نوێ بەردەستن و ئامادەکراون.
نەوزاد عەبدوڵڵا گوتیشی، ''ئەو مامۆستایانەی ئەم ساڵ گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینبوون، تاوەکو 31-12-2025 وانە دەڵێنەوە. دوای ئەو کاتە چاوەڕێی حکومەت دەکەین بۆئەوەی بڕیار لەسەر دانان و دامەزراندنی مامۆستای گرێبەست بدات. لەسەر هێڵین بۆئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت.''
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 17-08-2025 ئاماژەی بە گرفتی خانەنشینیی مامۆستایان کرد و گوتی، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە 7500 مامۆستا خانەنشین بوون، ''تەنیا ئەوانەی کە 01-07-2025 خانەنشین دەبوون، زیاتر لە هەزار و 400 مامۆستان، بەڵام یاسای خانەنشینی دەسەڵاتی بە وەزیر داوە کە بەهۆی پێویستیمان بە مامۆستا، وادەی خزمەتکردنی ئەو خانەنشینانە بۆ 31-12-2025 درێژ بکرێتەوە.''
ئامادەکردن: رۆشنا شێرزاد