رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی بەردەڕەش دەکات؛ 'بە گوێرەی پێویست گرنگی پێنەدراوە'

26-09-2025
پەیمان محەممەد
دیمەنێکی گشتیی بەردەڕەش
دیمەنێکی گشتیی بەردەڕەش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

18 ساڵ بەسەر بوون بە قەزای بەردەڕەش تێپەڕدەبێت، بەڵام هاووڵاتییانی ئەم قەزایە هێشتا گلەیی زۆریان لە "پشتگوێخستن و کەمخزمەتی" هەیە. بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، بەدواداچوونێکی وردی بۆ دۆخی بەردەڕەش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی، چالاکڤانان و جووتیاران، تیشکی خستە سەر کێشە و داواکارییەکانی خەڵکی قەزاکە.
 
رێگەوبان و خزمەتگوزارییەکان: "وێران و وێرانتر"
 
سەبری محەممەد، چالاکڤانێکی بەردەڕەش، رەخنەی تووندی لە دۆخی رێگەوبانی قەزاکە گرت و بە "وێران"ـی وەسف کرد. "تەنانەت هێشتا بەشی زۆری رێگەوبانی ناوەندی قەزاکەش قیرتاو نەکراون." 
 
سەبری محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، زۆر جار کاری میدیایی لەسەر گرفتی رێگەوبانی قەزاکە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نۆژەن نەکراونەتەوە، ''هیوادارین ئەم بەرنامەیە ببێتە دەرچەیەک بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری قەزاکەمان بکرێت.''
 
بەردەڕەش کە لەنێوان رووبارەکانی خازر و زێی گەورە هەڵکەوتووە،  گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەڵام وەک سەبری محەممەد دەڵێت، "هیچ خزمەتگوزارییەکی وەکو کەپری گەشتیاری بۆ گەشتیاران بەردەست نییە و ئەوەش رێگرە لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری."
 
هەروەها کەرتی تەندروستی بەردەڕەشیش لە دۆخێکی خراپدایە. سەبری محەممەد دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەیەکی گشتیمان نییە و نەشتەرگەرییەک لە سنوورەکەناکرێت. تەنیا فریاکەوتنێکمان هەیە کە کارێکی سەرەتایی بۆ نەخۆشەکان دەکات و دواتر دەبێت بچنە ئاکرێ یان دهۆک."
 
کشتوکاڵ: گەنجینەیەکی پشتگوێخراو
 
نادر عەزۆ، جووتیاری نموونەیی بەردەڕەش، باس لە تایبەتمەندی خاک و کەشوهەوای قەزاکە دەکات کە بۆ چاندنی "هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گونجاوە." 
 
بەردەڕەش بە گەنم و پەتاتە بەناوبانگە، بەڵام وەک عەزۆ دەڵێت، "پەتاتەیەکی یەکجار زۆرمان هەیە کە لە کۆگەکاندا هەڵگیراون و نرخەکەی بە کۆ نزیکەی 200 بۆ 225 دینار دەبێت، لەکاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی، دەگاتە 325 دینار بۆ هەر کیلۆیەک." ئەو داوای هاوکاری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت، ئاستی ئاوی ناوچەکە روو لە کەمبوونەوەیە و پێویستە چارەسەرێک بۆ جووتیاران بدۆزرێتەوە.
 
لە بەرامبەردا، تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش، ئاماژەی بەوەدا کە "بە پاڵپشتیی حکومەت، لە وڵاتانی دیکەش بازاڕی ساخکردنەوەی پەتاتە دۆزراوەتەوە و جووتیاران گلەییان لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان نییە." هەروەها گوتی، "پار زیاتر لە 250 هەزار تۆن پەتاتە و بەرهەمی کشتوکاڵی لە پارێزگای دهۆکەوە، هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە." سلێمان ئاماژەی بەوەشدا کە دروستکردنی سایلۆی رۆڤیا و چەندین کۆگەی پەتاتە، کێشەی کۆگاکردنی چارەسەر کردووە.
 
ناحیەکانی قەزا: رۆڤیا و کەڵەک
 
مەنهەل مۆفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا، دەڵێت، "18 ساڵە دووسایدی سەنتەری ناحیەکە قیر نەکراوە." بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "مانگی 11ـی پار بڕیاردرا بە گوژمەی پێنج ملیار و 200 ملیۆن دینار قیر بکرێت و ئێستا پڕۆژەکە لە دوایین قۆناخدایە و ئەگەر هیچ گرفتێک روونەدات، دوای مانگی 11ـی ئەم ساڵ تەواو دەبێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، عەنتەر فەرهاد، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەک، باسی لە پرۆژەی رێگەوبانی بەردەڕەش-کەڵەک کرد کە گوژمەکەی 214 ملیار دینارە و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانراوە. بەڵام دەڵێت، "بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە، کارکردن تێیدا بە خێرایی بەڕێوەناچێت و لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە."
 
شارەوانی بەردەڕەش: پڕۆژە و داخوازییەکان
 
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش، گوتی، "لە چوار ساڵی رابردوودا بە گوژمەی شەش ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێکراون." یەکێک لە پڕۆژەکان تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو لە گەڕەکی رزگاری. حەسەن ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ باشترکردنی دۆخی رێگەوبانی بەردەڕەش "پێویستییان بە 20 ملیار دینارە."
 
پەروەردە: سۆرانی و بادینی لە قوتابخانەدا
 
بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆکە، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی بەردەڕەش بە سۆرانی قسە دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتی پەروەردە داناوە. نیزام یاسین، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە، گوتی، "لە هەشت قوتابخانە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە شێوەزاری سۆرانین، هەروەها بۆ نزیکەی 15 قوتابخانەش، پرسیارەکان بە هەردوو شێوەزاری بادینی و سۆرانی دەخرێتە بەردەستیان."
 
نیزام یاسین ئاماژەی بەوەشدا کە بەکارهێنانی دوو شێوەزار کاریگەری لەسەر ئاستی زانستیی قوتابییان داناوە. "لە کۆڵان و بازاڕەکاندا بە سۆرانی قسە دەکرێت، بەڵام کاتێک دێیتە نێو پرۆگرامەکانی خوێندن، شێوەزاری [فەرمی] بادینییە، بۆیە کاریگەری لەسەر فێربوونی قوتابیان دروست دەبێت."
 
ئاو: دابەزینی ئاستی ئاو و پڕۆژەی نوێ
 
رێبەر نازم، بەڕێوەبەری ئاوی قەزاکە، ئاماژەی بەوە کرد کە "لە سنوورەکە زیاتر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەسترێت و لە ساڵانی دواییدا، کەمیی باران کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی ئاو داناوە." 
 
جگە لە 250 بیری تایبەت بە ئاوی خواردنەوە، زیاتر لە هەزار بیری کشتوکاڵی لە بەردەڕەش هەن کە کاریگەرییان لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویی ناوچەکە هەبووە.
 
بەڵام وەک رێبەر نازم دەڵێت، لەمدواییانەدا رەزامەندی لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو دراوە کە هەموو قەزای بەردەڕەش و گوندەکانی دەگرێتەوە و مانگی 10ـی ئەم ساڵ بەردی بناخەی دادەنرێت.
 
رێبەر نازم گوتی: "لە پێنج ساڵی رابردوودا بە گوژمەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار پڕۆژەی ئاو جێبەجێکراون و تەنیا ئەم ساڵ 15 بیر بۆ ئاوی خواردنەوە لێدراون و هیچ گوندێک لە سنووری قەزاکە گرفتی ئاوی خواردنەوەی نییە."
 
قەزای بەردەڕەش بە زیاتر لە 152 هەزار دانیشتوویەوە، لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە و هەمیشە وەک ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگ و دەوڵەمەند بە سەرچاوەی ئاو ناسراوە. دانیشتوانی بەردەڕەش چاوەڕێی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی زیاترن بۆ ئەوەی دۆخی ژیانیان باشتر بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.