ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست): پێشنیازمان بۆ لیژنەکەی پەرلەمانی توکیا کرد دەمیرتاش ئازاد بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) دەڵێت، پێشنیازیان بۆ لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا کردووە، کە وەکو هەنگاوی یەکەمی پڕۆسەی چارەسەری، سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە پێویستە زمانی تورکیا بەرامبەر کورد بگۆڕدرێت.
 
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کاژێر 11:00ـی رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە و گوێی لە نوێنەرانی دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی و تورکی گرت.
 
رۆژ گیرەسون، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) کە لە دانیشتنەکەی لیژنەی پەرلەمانی تورکیادا بەشدار بوو، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی رۆژی پێنجشەممەی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ''لە دانیشتنەکەدا باس لە گرنگیی پڕۆسەی چارەسەری کرا و ئەوەی کە بۆچی کورد لە سیاسەتی چەکەوە بەرەو سیاسەتی سڤیل هەنگاوی نا.''
 
رۆژ گیرەسون ئاماژەی بەوە کرد، ''هەرچەندە پڕۆسەی چارەسەی دەستیپێکردووە و گەل پاڵپشتیی لێ دەکات، بەڵام متمانەیەکی کەمیان پێی هەیە. لە دانیشتنەکەدا باس لەوەش کرا کە بۆ ئەوەی متمانە بە پڕۆسەکە زیاتر ببێت، پێویستە لیژنە و حکومەت چی بکەن.''
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست)، هەر لە دانیشتنەکەدا، باسیان لە داخوازییەکانی کورد کردووە و ''باس لەوەش کراوە کە بە چ شێوەیەک چارەسەرکردنی گرفتی رۆژئاوای کوردستانیش ئاسانتر دەبێتەوە.''
 
رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. وەک رۆژ گیرەسەن دەڵێت، بۆ زیاترکردنی متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی چارەسەری پێشنیازیان بە لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە کە ''هەنگاوی سەرەکی بنرێت و پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوەشاندنەوە و لابردنی قەیووم لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا وەک هەنگاوی دووەم دێت، بۆ گەڕاندنەوە و زیادکردنی متمانەی خەڵک بە پڕۆسەی چارەسەری.
 
بەرپرسانی تورکیا بەردەوام هەڕەشە دەکەن کە پێویستە وێڕای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتن، چەک دابنێن. رۆژ گیرەسون گوتی، ''بە زمانی هەڕەشە پڕۆسەی چارەسەری بەرەوپێشەوە ناچێت و دەبێ حکومەت و میدیای تورکیا لە هەمبەر پرسی کورد، بەتایبەتی پرسی رۆژئاوای کوردستان زمانێکی نوێ و بەدوور لە هەڕەشە بەکاربهێنن.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیان، رای گشتیی کورد لەبارەی رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە ''تورکیا دەیەوێت ئاستەنگ بۆ دەستکەوتەکانی کورد دروست بکات و پڕۆسەی چارەسەریش هەر بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.''
 
جەختیشی لەوە کردەوە، سەرەڕای کەمیی متمانە، هێشتا کورد دەخوازێت پڕۆسەی چارەسەی سەربکەوێت و بگاتە ئەنجام.
 
رۆژ گیرەسون پێشبینی دەکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەنگاوی باش بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری بنرێت.
 
پەکەکە لەسەر داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەری، رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند: "گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
رۆژی 11-7-2025 لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند و گەڕانەوە بنکەکانیان.
 
دواتر لیژنەیەک بەناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە. 
 
لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکهاتووە و جگە لە ئیی پارتی، تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان تێیدا بەشدارن و 12 کۆبوونەوەی لەسەر پڕۆسەکە کردووە.