رووداو- هەولێر
پاڤێل تاڵەبانی، کوڕی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "دەبێت ئامادەیی قوربانیدان و بەخشین بین نەک بردنەوە و دەستکەوت."
پاڤێل تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە گوتارێکدا سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دەبێت هەموومان بە شوێن خاڵی ھاوبەش و کۆکەرەوە بگەڕێین، نەک زەقکردنەوەی خاڵە جیاوازەکان، دەبێت بەدوای زمانی دیالۆگ بگەڕێین نەک زمانی زبر، دەبێت ئامادەیی قوربانیدان و بەخشین بین نەک بردنەوە و دەستکەوت."
پاڤێل تاڵەبانی، كە پۆستی لێپرسراوی كاروباری دژەتیرۆری یەكێتی هەیە، دەشڵێت "ماوەیەکی زۆرە لێرە و لەوێ لەژێر ناوی پەرۆشی بۆ بەرژەوەندی خەڵک، ھەموو کەس و لایەنێک قسەگەلێکی زۆر دەکەن لە کەناڵە جیاجیاکان بە شێواز و نێوەڕۆکی جیاواز، بە نیەتی باشترکردنی ئەم دۆخە پڕ قەیرانەی کە سەرتاپای ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بۆیە ئەمە بەلای منەوە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ھەردەم دەپرسم ئایا تەنیا قسەکردن بەسە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک؟ ئایا پێویستمان بە خوێندنەوە و ھەڵوەستەکردن و بیرکردنەوەی قووڵتر نییە؟".
بە بۆچوونی پاڤێڵ تاڵەبانی "خۆنمایشکردن لەژێر چەتری بێزاری خەڵک لە کۆمەڵێک نووسین و قسە و کردار، ئەوەندەی دەبێتە پاڵەوانبوونی کەسی، ئەوەندە نابێتە ھۆکار بۆ کەمکردنەوەی ئازار و شەکەتی خەڵک و گەیشتن بە رێگەی چارەسەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ