بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە سلێمانی و دەڵێت ئامادەم دەستلەکاربکێشمەوە

00:00

خۆپیشاندەران سوپاسی بەرهەم ساڵح دەکەن

وێنەی بەرهەم ساڵح لە گۆڕەپانی تەحریر

بەسەر باڵەخانەی رێستۆرانتی تورکی لە گۆڕەپانی تەحریر وێنەیەکی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەواسرێت و لەسەری نووسراوە: "سوپاس بەرهەم بۆ بەرگریکردن لە داواکارییەکانی جەماوەر و وەڵامنەدانەوە بەربژێری حیزبە رەتکراوەکان. لە بازنەی حیزبە گەندەڵەکان دەربچۆ و پشتگیریی بکە لە بەربژێرێک کە مەرجەکانی تێدابێت".

هەروەها نووسراوە" گەر وابکەیت ئێمە لەگەڵتین ئەگەرنا تۆش دەبیتە دووژمنی ئێمە"

22:38

سەعدی پیرە: یەکێتی پشتیوانی لە هەڵوێستەکەی سەرۆککۆماری عێراق دەکات

سەعدی پیرە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەعدی پیرە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەرپرسیاریەتی سەرۆککۆمار قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان نییە و نایەوێت خوێنڕشتن بەردەوام بێت. هیچ ماددەیەکیش نییە لە دەستوور کە ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆمار نادەستووریی بکات، بۆیە ئەو لەنێوان قوڵترکردنەوەی ناکۆکییەکان و دەستلەکارکێشانەوە، ئامادەیی دەربڕیوە دەستلەکار بکێشێتەوە و ئێمەش وەک یەکێتی پشتیوانی لێدەکەین.

سەعدی پیرە گوتیشی: "تاوەکو ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا دیارنییە کێ گەورەترین فراکسیۆنە، هاوکات کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکاندا نییە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق".

سەبارەت بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ سلێمانی، سەعدی پیرە گوتی "سەرۆککۆمار بەهۆی پۆستی حیزبییەوە بۆ لەمەودوا هەموو پێنجشەممەیەک دەگەڕێتەوە سلێمانی و شەممان دەڕواتەوە بۆ بەغدا".

ئەو گوتیشی کە پۆستی سەرۆککۆمار پۆستی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و تەنها یەکێتی دەتوانێت بڕیار بدات ئاخۆ دەستلەکاربکێشێتەوە یان نا.

21:36

هاوپەیمانیی بینا داوای لێپێچینەوە لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات

رووداو
لەدوای ئەوەی بەرهەم ساڵح رەتیکردەوە بەربژێری هاوپەیمانی بینا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رابسپێرێت، لە راگەیێندراوێکدا هاوپەیمانییەکە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات لێپێچینەوە لە سەرۆککۆماری عێراق بکەن و دەڵێن، پێشێلی سوێندی یاسایی و دەستووری کردووە.
 
هاوپەیمانیی بینا رایدەگەیێنێت: "ئێمە تووشی شۆک بووین کاتێک سەرۆککۆمار پێداگربوو لەسەر سەرپێچیکردن لە دەستوور و رانەسپاردنی بەربژێری گەورەترین کوتلەی پەرلەمان کە ئێمەین، بە بیانووی ئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی ئەو بەربژێرە رەتدەکەنەوە".
 
هاوپەیمانیی بینا رایدەگەیێنێت: "هەر بیانوویەک لەلایەن کەسێکەوە (سەرۆککۆمار) رەتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستوورە و ئەو هەنگاوەی وڵات بەرەو پشێوی دەبات و خزمەتی لایەنێکی بیانی دەکات کە شەڕی بۆ عێراق دەوێت.

 

 

19:02

ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی: دۆخی عێراق پێویستی بە پرۆژەیەكی نوێی دانوستاندن هەیە

کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەکەم راگەیێندراوی بڵاوکردەوە و لەبارەی دۆخی عێراقەوە رایدەگەیێنێت "لەم دۆخەدا، ئاكامی شكستی حكومەتەكانی عێراق، كێشەی چەشناوچەشنی دەستوری و ئابووری و سیاسی لەعێراقدا، پەنگیان خواردووە و هەرێمی كوردستان پێویستی بە پرۆژەیەكی نوێی دانوستاندن و چارەسەری دەستووری و ئابووری و سیاسی هەیە".

ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەروەها رایدەگەیێنێت: "هێزە كوردستانییەكانیش، لەبەرامبەر رووداوەكانی ناوچەكەدا، ئەركمانە ناكۆكی حیزبایەتی كەم بكەینەوە و ئەركە هاوبەشە گشتیەكان بكەینە ستراتیژی قۆناخەكە".

18:34

راوێژکارێکی بەرهەم ساڵح: سەرۆککۆمار لەنامەکەیدا بە روونی هەموو جۆرە فشارێک رەتدەکاتەوە

بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق

راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرهەم ساڵحەوە دەڵێت، سەرۆککۆمار لەنامەکەیدا هەموو جۆرە فشارێک رەتدەکاتەوە و پێیوایە، باشترین هەنگاو کە پەرلەمان بینێت بڕیاردانە لەهەڵبژاردنی پێشوەختە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-12-2019 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق رەتیکردەوە ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رابسپێرێت و لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادەیی دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند. 

سالار مەحموود، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق لە دووڕیانێکی سەختدایە، سەرۆککۆمار لەنامەکەیدا بە روونی هەموو جۆرە فشارێک رەتدەکاتەوە و بەرژەوەندی گەل و ئارامی و سەقامگیری وڵات لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکەوە رەچاو دەکات".

سالار مەحموود گوتیشی: "سەرۆککۆمار بەرژەوەندی گەلی خستووەتە سەرووی پۆست و بەرژەوەندی کەسی و کوتلە سیاسییەکانەوە؛ بۆیە بڕیارێک نادات پێچەوانەی گەل و بزووتنەوەی ناڕەزایی ئێستای شەقام بێت. سەرۆککۆمار راوێژی لەگەڵ نوێنەری چین و توێژەکان کردووە و دەیکات بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی سیاسی ئێستا، واژۆی 174 پەرلەمانتارەکە کە ئاراستەی کراوە بەهەند وەردەگرێت."

سالار مەحمود ئەوەشی گوت: "نامەکەی سەرۆککۆمار بۆ پەرلەمان روونە، کە مەبەستی دەربازبوونە لە تەنگژە و رێزگرتنە لە داخوازی مەرجەعییەت و گەل لە دیاریکردنی کەسێکی شایستە بۆ سەرۆکی حکومەتی داهاتوو. باشترین هەنگاو پەرلەمان بینێت بڕیاردانە لەهەڵبژاردنی پێشوەخت".

پێشتر د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "سێ کۆپی لە نامەی سەرۆککۆمار کە باس لە ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی دەکات گەیشتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق. لەنامەکەدا هاتووە، داوای لێبووردن دەکەم لەوەی ناتوانم ئەسعەد عیدانی رابسپێرم بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. لە سۆنگەی ئەوەی سوێندم خواردووە وەکو سەرۆککۆمار، داکۆکی لەئەمن و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەم، ئامادەم دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکەم."

17:07

بەشیر حەداد: نامەی ئامادەیی سەرۆککۆمار بۆ دەستلەکارکێشانەوە گەیشتووەتە پەرلەمان

بەشیر حەداد و بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نامەی ئامادەیی سەرۆککۆمار بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی گەیشتە پەرلەمانی عێراق و دواجار دەستەی سەرۆکایەتی بڕیار لەوە دەدات بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان یان نا.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ کۆپی لە نامەی سەرۆککۆمار کە باس لە ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی دەکات گەیشتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق. لەنامەکەدا هاتووە، داوای لێبووردن دەکەم لەوەی ناتوانم ئەسعەد عیدانی رابسپێرم بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. لە سۆنگەی ئەوەی سوێندم خواردووە وەکو سەرۆککۆمار، داکۆکی لەئەمن و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەم، ئامادەم دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکەم."

د. بەشیر حەداد لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆککۆمار گوتی: "کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە، بەهۆی ئەوەی سەرۆککۆمار راستەوخۆ نەیگوتووە دەستلەکار دەکێشمەوە، بەڵکو دەڵێت ئامادەم، بۆیە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆمار دەستەی سەرۆکایەتی دواجار بڕیار لەوە دەدات بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆککۆمار بخاتە بەرنامەی کاریەوە یان نا."

 

16:21

بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە سلێمانی

بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە سلێمانی
گۆران عەلی کەریم، رێکخەری کاروباری راگەیاندنی رۆژنامەڤانی عێراق و کوردستانی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی.

سەبارەت بە هۆکاری گەڕانەوەی سەرۆککۆمار بۆ هەرێمی کوردستان گۆران عەلی کەریم گوتی: دەیانەوێت لە پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگ ئەسعەد عیدانی بکەنە سەرۆکوەزیران و د. بەرهەم ناچار بکەن رایبسپێرێت بۆ ئەو پۆستە، لەبەرامبەریشدا چونکە عیدانی جێگەی رەزامەندی شەقامی عێراقی نییە، سەرۆککۆمار ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستلەکار کێشانەوە.

16:01

کەسێکی نزیک لە سەدر پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆککۆمار دەکات

کەسێکی نزیک لە سەدر پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆککۆمار دەکات

ساڵح محەممەد عێراقی کە کەسێکی نزیکە لە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە توویتەر لە کاردانەوەی بڕیاری بەرهەم ساڵح بۆ بەربژێرنەکردنی ئەسعەد عێدانی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ ئەوەی ئەو کەسەت رەتکردووەتەوە کە گەل رەتیکردووەتەوە، ئەوە هەڵوێستێکە لە مێژوودا لەلایەن گەل و مەرجەعیەتەوە بۆت تۆماردەکرێت. 

هاوکات ئاماژەی بە سێ ناو کردووە کە دەڵێت دەکرێت رەزامەندی شەقامی لەسەر بێت کە بریتین لە: مستەفا کازمی، رەحیم ئەگێلی و فایەق شێخ عەلی. بەڵام ئەو سێ ناوە مەرج نییە باوەڕمان پێیان هەبێت. 

ساڵح محەممەد عێراقی بە کەسێکی نزیک لە رێبەری رەوتی سەدر دادەنرێت، بەڵام هیچ پۆستێکی لە رەوتی سەدر نییە.