لە لوڕستان دەست بەسەر زیاتر لە 170 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لە 24 کاژێردا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گرتووە و 54 فرۆشیاری مادەکەش دەستگیرکراون.
 
محەممەدرەزا هاشمی فەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 25-12-2025، ئۆپەراسیۆنێکیان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەبردووە.
 
بەگوتەی محەممەدرەزا هاشمی فەر، لە 24 کاژێردا، دەستیان بەسەر 171 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر هەزار و 580 دەنکە حەبی هۆشبەردا گیراوە و 154 فرۆشیاری مادەکە و 62 کەسی ئالوودەبووش دەستگیرکراون.
 
پارێزگای لوڕستان بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ پێنج پارێزگای خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهانی ئێران، هەروەها دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر چی بۆ دەرەوە و چی بۆ نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلیسی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکانی لوڕستان کە 24ـی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە، لە مانگێکدا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر 1.4 تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە.