دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 165 بارهەڵگر هاوکاری گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامشلۆوە ئاماری هاوکارییەکانی دەزگاکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، 165 بارهەڵگر گەیشتوونەتە ناوچەکە و نزیکەی 58 هەزار کەس لێی سوودمەند بوون.
 
رۆژی سێشەممە 27-01-2026 موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری قامشلۆ رایگەیاند، کاروانی هاوکارییەکانیان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 165 بارهەڵگر گەیشتوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو ئێستا 9 هەزار و 180 خێزان کە دەکاتە 57 هەزار و 955 کەس، لەو هاوکارییانە سوودمەند بوون.
 
بەهۆی هێرشەکانی سوپای حکومەتی سووریاوە، زۆربەی ئاوارەکان لە قوتابخانە، مزگەوت و شوێنە گشتییەکان دەمێننەوە. موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە 82 قوتابخانە.
 
سەبارەت بە جۆری خۆراکەکان، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، پاکێجەکان (برنج، دۆشاوی تەماتە، زەیت، فاسۆلیا، شەکر، شیر، مریشک و ماست) لەخۆدەگرن و "بەشی دوو هەفتەی خێزانێک دەکات."
 
جگە لە خۆراک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوتی بەسەر 108 قوتابخانە و 8 مزگەوتدا دابەشکردووە. مووسا ئەحمەد دەڵێت: "خواردنی گەرم دراوەتە 9 هەزار و 330 کەس لە 15 قوتابخانە و سێ مزگەوت."
 
هاوکات تیمە تەندروستییەکانی سەر بە دەزگاکە، سەردانی 34 قوتابخانەیان کردووە و دەرمان و چارەسەرییان گەیاندووەتە دوو هەزار و 749 کەس. هەروەها لەکاتی دابەشکردنی هاوکارییەکاندا، 289 دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخسێندراوە.
 
موسا ئەحمەد دڵنیایی دایە ئاوارەکان و گوتی، "تەنانەت ئەگەر خێزانێک هیچ شتێکی نەبێت، ئێمە دەتوانین سەرجەم کەلوپەلی سەرەتایی پێویستی بۆ دابین بکەین."
 
گەیاندنی ئەو هاوکارییانە لە کاتێکدایە، لە 6ی ئەم مانگەوە هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاونیشتمانی. سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستیش، ئێوارەی دوێنێ شەڕ لە گوندەکانی باشووری شارۆچکەی چل ئاغا لەنێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکردەوە.