دەزگای خێرخوازیی بارزانی: چاوەڕێی وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرین بۆ گەیاندنی هاوکاری بە حەسەکە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە 140 بارهەڵگر خۆراک، سووتەمەنی و پێداویستی رۆژانە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیێندراونەتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام هیچ هاوکارییەک رەوانەی حەسەکە نەکراوە. بەرپرسێکی دەزگاکە دەڵێت، بۆ بردنی هاوکاری بۆ حەسەکە چاوەڕێی وەڵامی ئیدارەی خۆجێی ناوچەکەن.
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لایەنی خۆجێی رۆژئاوای کوردستانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئامادەین هاوکاری بگەیێنینە حەسەکە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە".
 
ئەو بەرپرسە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: "داوامان کردووە پێمان بڵێن بڕی هاوکاری چەند و چی پێویستە بۆ رۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئایا لە رووی ئەمنییەوە بۆ ئێمە گونجاوە هاوکاری ببەین، ئەگەر وەڵام ئەرێنی بێت هەر ئەمڕۆ هاوکاری دەگەیێنینە حەسەکە".
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی تاوەکو دوێنێ هاوکاری گەیاندووەتە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی لە رۆژئاوای کوردستان و دابەشکردنی هاوکارییەکانیش بەردەوامن.
 
یەکێک لەو پێداویستییانەی هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان داوای دەکەن سووتەمەنییە، دەزگای خێرخوازی بارزانی سێ رۆژە لەو پارچەیەی کوردستان سووتەمەنی دابەش دەکات و پلانی وایە، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە 536 هەزار لیتر نەوت دابەش بکەن.
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
21ـی ئەم مانگە دەزگای خێرخوازی بارزانی 67 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و رۆژی دواتر دابەشکردنی دەستپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تابلۆی سەر باڵەخانەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە بانکەکان و مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران رادەگرێت

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا مووچەی ئەو فەرمانبەرانە رابگیرێت کە تۆمار نەکراون، هاوکات هۆشداری تووندیش درایە ئەو بانکانەی کێشەی تەکنیکی و کەمیی ئامێری ATMـیان هەیە.