پارێزگای مێردین بۆ 5 رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی قەدەخە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەخە کرا. بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمرۆ لە شارۆچکەی نسێبین رێپێوانێک بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بکرێت.
 
رۆژی دووشەممە پارێزگای مێردین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێشەممەوە 27ـی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە (لەنێوان 27 بۆ 31ـی کانوونی دووەمی 2026)، بۆ ماوەی پێنج رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەک وەک خۆپێشاندان، رێپێوان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراون.
 
پارێزگای مێردین هۆکاری قەدەخەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ "پاراستنی ئاسایشی گشتی، رێگریکردن لە رووداوی تووندوتیژی و دابینکردنی سەقامگیریی شار".
 
بڕیارەکە لەکاتێکدایە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، هاونیشتمانیان خۆپێشاندان و رێپێوانی پاڵپشتی ساز دەکەن.
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین رێپێوانێک بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بکرێت.