کاروانی سێیەمی پێشمەرگە گەڕانەوە باشووری کوردستان

28-02-2015
جوانە جاف
نیشانەکردن کۆبانێ
A+ A-

رووداو - کۆبانێ

کاروانی سێیەمی هێزی پێشمەرگە، کە 150 پێشمەرگە بوون، لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنەوە باشووری کوردستان.

ئەم کاروانەی هێزی پێشمەرگە 35 رۆژ لە کۆبانێ بوون و دوای گەیشتنی کاروانی چوارەم بە کۆبانێ، ئەمڕۆ گەڕانەوە. بەڵام ئەوانەی گەڕاونەتەوە ئێستا 149 پێشمەرگەن، چونکە یەکێکیان لە کۆبانێ شەهید بوو.

كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28 ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێكەوت، ماوەی 35 رۆژ لەوێبوون پاشان گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە 3 ی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێكەوت، كاروانی سێیەمیش 15-1-2015  بەڕێكەوتبوون.

ئەو پێشمەرگانەی لەماوەی رابردوودا چوونە کۆبانێ رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە گۆڕینی باڵانسی شەڕ لەنێو شارەکە، ئەم کاروانەی چوارەمیش شەڕی دەرەوەی کۆبانێ دەکەن و هاوشانی شەڕڤانان دەجەنگن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی گووندەکانی سنووری کۆبانێ.

پێش ئەوەی کاروانی چوارەمی پێشمەرگە بەڕێبکەوێ، ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا گوتی: "ئەم هێزەی پێشمەرگە مژدەی سەرکەوتنی یەکجاریی دەهێننەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە