گالەری

27-02-2024
26 Photos
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر، زیاتر لە 130 بەرهەمی خوێندکارانی بەشی شێوەکاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر نمایشکران و تاوەکو 29ـی شوبات بەردوام دەبێت.
 
بەرهەمەکان بریتی بوون لە نیگارکێشان، سیرامیک و دیزاین، هەروەها لە لایەن خوێندکارانی قۆناخی 1 تاوەکو 5ـی بەشی شێوەکاری پەیمانگەکە ئامادەکرابوون، بەشێکی تابلۆکان گوزارشتیان لە جلوبەرگ و کولتووری کورد دەکرد.
 
سەردانیکردنی هونەرمەند و هونەردۆستان گەرم و گوڕییەکی زیاتری بەخشیبووە پێشانگەکە، جگە لەمەش بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانەی تابلۆ و بەرهەمیان هەبوو، جلی کوردییان پۆشیبوو.
 
رێباز یوسف، سەرۆک بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر و سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە ساڵانە پێشانگەی هاوبەش بۆ خوێندکاران دەکەینەوە و ئامانج لە کردنەوەیان ئەوەیە کە خوێندکاران لەئێستاوە رابهێنین و هانیان بدەین بەرهەمەکانیان بخەنەڕوو".
 
ئەو سەرپەرشتیارە دەشڵێت، ئەم جۆرە پێشانگەیە بۆ ئەوەیە تاوەکو خوێندکاران لە دواڕۆژدا بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و بوێرییان هەبێت پێشانگەی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە".
 
لەوە تێگەیشتم کە لە چەند مانگی داهاتوودا، پێشانگەی دیکە بۆ ئەو کەس و خوێندکارانە دەکەنەوە کە دەرفەتیان نەبووە بەشداری ئەمەیان بکەن.
 
ئیلاف حەکیم، خوێندکارێکی قۆناخی 4ـی بەشی شێوەکاریی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە، یەکەمجارە بەشداریی پێشانگە دەکات و بە رووداوی گوت، من ئەمڕۆ بە یەک بابەتی تایبەتی هونەری بەشدارم و زۆر خۆشحاڵم ئەو کەسانەی سەردانی پێشانگەکەیان کردووە، بابەتەکەم دەبینن و دەست خۆشیم لێدەکەن".
 
ئیلاف گوتی، لە قۆناخی یەکەمەوە دەرفەتی نەبووە بەرهەم بۆ پێشانگەکان ئامادە بکات، بەڵام ئەم ساڵ بڕیاریداوە بەشداری بکات. هاوکات، گەرموگوڕییەکەی ئەمڕۆ وای لێکردووە لەمەودوا زیاتر بەشداری لە پێشانگەی لەم جۆرەدا بکات.
 
من بۆ ماوەی 2 کاژێر لەوێ بووم، پێشانگەکە جمەی دەهات، ئەوەی من بینیم، قوتابیان دڵیان خۆشبوو، بەتایبەت بەو سەردانیکارانەی سەرنجی خۆیانیان لەسەر ئیشەکانیان پێدەدان.