رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو دوو فڕۆکەوانەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئێران لە پارێزگای ئیسفەهان گیانیان لەدەستدا، کوردە و خەڵکی پارێزگای کرماشانە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەو فڕۆکەوانە ناوی (موجتەبا کیانی)یە و خەڵکی شاری کەنگەوەرە لە پارێزگای کرماشان؛ پلەکەی لەنێو هێزی ئاسمانیی ئێراندا مولازمی دووەم بووە.
بڕیارە رۆژی شەممە، 28-02-2026، کاژێر 10:00ی بەیانی، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو فڕۆکەوانە کوردە لە زێدی خۆی لە شاری کەنگەوەر بەڕێوەبچێت.
رۆژی سێشەممە، 24-02-2026، هێلیکۆپتەرێکی سوپا لە شارۆچکەی "دۆرچە" سەر بە قەزای خومەینی شار لە پارێزگای ئیسفەهان، لەنێو مەیدانی میوە و سەوزەدا کەوتەخوارەوە.
لەو رووداوەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا؛ دووانیان فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوان بوون، دوو کەسەکەی دیکەش ئەو کاسبکارانە بوون کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، لەناو مەیدانی میوە و سەوزەکەدا خەریکی کارکردن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ