نەوشیروان مستەفا دەتوانێ 6 ساڵی دیكەش رێكخەری گشتیی گۆڕان بێت

27-03-2014
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن گۆڕان نەوشیروان مستەفا
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕاندا، مافی خۆكاندیدكردنەوە بۆ پۆستی رێكخەری گشتی سنوورداركراوە.

بەپێی دەقی ئەو دەستوورەی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوكراوەتەوە و یازدە بەشە، پەیكەرو شێوازی كاركردنی بزووتنەوەكە روونكراوەتەوە. لە بەشی نۆیەمیدا لە ماددەی سێزدەھەم، بڕگەی دووەم، بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەراندن، باسی ھەڵبژاردنی رێكخەری گشتی كراوە و دەڵێت: "رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی، لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەناو ئەندامانی جڤاتی گشتی و كەسایەتییە ناسراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕاندا، كە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی نین، كاندید دەكرێن. لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، بە دەنگدانی نھێنی و راستەوخۆ و بە زۆرینەی سادە دەپەسەندرێن و بە زۆرایەتی رەھای دەنگی ھەموو ئەندامەكانی دەگۆڕدرێن".

لە بڕگەی سێیەمی ھەمان ماددەشدا، باسی ئەوە دەكات، كە هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی وئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت. لە بڕگەی چوارەمیشدا وەرگرتنی پۆستی رێكخەری گشتی سنووردار دەكات و دەڵێت: "رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنھا بۆ سێ خولی ھەڵبژاردن بۆیان ھەیە، بۆ ھەمان پۆست، خۆیان كاندیدبكەن".

بەپێی ئەو دەستورەش بێت، نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ 6 ساڵی دیكە دەتوانێ سەركردایەتیی گۆڕان بكات. واتە لەدوای پەسەندكردنی ئەو دەستوورەوە سێ خولی دیكە دەتوانێ خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندیدبكاتەوە. ھەر خولێكیش 2 ساڵە، كە لە كۆنگرەی یەكەمی ئەو حیزبەدا لە رۆژانی 26-27.12.2013 لە شاری ھەولێر پەسەندكراوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای وازھێنانی نەوشیروان مستەفا، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ساڵی 2006 لەو حیزبە، بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009ـی پەرلەمانی كوردستانی كرد و توانیی 25 كورسی بە دەستبھێنێت. بەشداری حكومەتی نەكردو بە ئۆپۆزسیۆنی مایەوە. لە ساڵی 2010 بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد و 8 كورسی بەدەستھێنا. بەڵام ئەمجارە بەشداری حكومەتی عێراقی نەكرد. لە 21ـی ئەیلولی 2013 لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشدا توانیی 24 كورسی بەدەستبھێنێت.  ئەو بزووتنەوەیە لەوەتەی دامەزراوە، نەوشیروان مستەفا رێبەرایەتیی دەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە