رووداو یاریی رستەی شاراوە رادەگەیێنێت

27-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دێسکی ژیریی دەستکردی رووداو نوێترین بەرهەمی رادەگەیێنێت کە یاریی رستەی شاراوەیە، رۆژانە بەکارهێنەر پیتەکان لێک دەدات تاوەکو رستەیەکی کوردی بدۆزێتەوە. بەردەوامیش ریکۆردەکان تۆمار دەکرێن و دەتوانی لە سۆشیاڵ میدیای خۆت بڵاوی بکەیتەوە. 
 
شێوازی یاریکردنەکە بەجۆرێکە سەرەتا هیچ زانیارییەک لەسەر شاشەکە نییە، تەنیا کۆمەڵێک پیت کە رستەکەی لێ پێکهاتووە و پێویستە یەکەم هەنگاو بنێیت بۆ ئەوەی بیرۆکەی رستەکەت بۆ دروست ببێت.
 
کاتێک کە پیتەکان دەنووسیت، ئەگەر پیتێک لەنێو رستەکەدا بێت و لە شوێنی دروستی خۆی بێت، رەنگەکەی پرتەقاڵی دەبێت، بەوشێوازە دەتوانی زیاتر مێشکت بجووڵێنیت و پێشبینیی رستە نهێنییەکە بکەیت.
 
دوو چاڵێنج لەکاتی یارییەکەدا هەن و دەتوانی لەگەڵ هاوڕێکانت رکابەرییان لەسەر بکەیت کە بریتین لە بەردەوامی و سکۆری یارییەکە. چەند رۆژ بەردەوام بوویتە لەسەر یارییەکە، هەروەها لەو بەرزترین ژمارەیەی کە دانراوە، توانیوتە چەند بەدەستبهێنیت.
 
ئەمە دووەم بەرهەمی دێسکی ژیریی دەستکردی رووداوە، لە هەفتەکانی رابردووش، پڕۆژەی خوێندنەوەی هەواڵەکانی ماڵپەڕی رووداو بە دەنگ، راگەیێندرا کە بۆ یەکەمجارە ماڵپەڕێکی کوردی سوود لە ژیریی دەستکرد دەبینێت بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکانی.
 
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لەبارەی پڕۆژە نوێیەکە رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ کە جیهان بە گۆڕانکارییەکی خێرادا دەڕوات، خوێنەری کورد و هاونیشتمانییان شایەنی ئەوەن لەگەڵ ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکارییە خێرایەدا هاوتەریب بڕۆن، بۆیە بیرۆکە داهێنەرانەکانی رووداو، ناهێڵێت لەو پێشکەوتنانە داببڕێن.
 
هەروەها دەڵێت، "ئێمە لە رووداو دیجیتاڵ تەنیا گۆڕانکارییەکان وەرناگرین وەکو ئەوەی روویانداوە، بەڵکو خۆمان بەشێکی سەرەکین لە دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانە لە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق."
 
راگەیاندنی یارییەکە بە زمانی کوردی (سۆرانی) هەنگاوی یەکەمە و لە ماوەکانی داهاتوودا بە شێوەزار و زمانە جیاوازەکان لە ماڵپەڕی رووداو بەردەست دەبن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.