قوباد تاڵەبانی: هیچ هەوڵێکی پڕچەککردنی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانمان لە لایەن ئەمریکاوە لە کوردستان نەبینیوە

رووداو دیجیتاڵ:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمریکا هیچ کام لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، پڕچەک ناکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دژی بەشداریکردنی هێزەکانی ئەو پارچەیەی کوردستانە لەو جەنگەی هەڵگیرساوە. 
 
رۆژی هەینی، 27ـی ئاداری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "هیچ هەوڵێکمان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، هیچ لقێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نەبینیوە بۆ پڕچەککردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە کوردستان". 
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەو هێزانەیان راگەیاندووە کە بەشداریکردنیان لەم جەنگە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە کارێکی "ژیرانە نابێت" و گوتیشی: "ئێمە رێگە نادەین شتی لەو شێوەیە لێرەوە رووبدات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی باسی لە هێرشە درۆنییە "بەردەوامەکانی" گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و بە "میلیشیای لادەر" ناویبردن و  گوتی: "چەندین جار ئەم بابەتەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا باس کردووە. داوامان لێکردوون دەستوەردان بکەن، رێگری لەو گرووپانە بکەن کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان."
 
جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند، حکومەتی بەغدا "پابەندی نیشانداوە" بۆ وەستانی ئەم هێرشانە.
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، لەوکاتەوە هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و ئێرانیشەوە دەکرێتە ئامانج.