فیلمێكی كوردی، كۆچبەران و ئیتاڵییەكان كۆدەكاتەوە

27-04-2018
شوان سدیق
نیشانەکردن فیلم کورد سوێد
A+ A-

رووداو – رۆما

هۆڵەكە جمەی دەهات لە بینەر، بە رەنگی پێست و قژیاندا بۆت دەردەكەوت كە بەشێك لە ئامادەبووان ئیتاڵین، ئەوان هاتبوون سەیری فیلمێك بكەن لە بارەی كۆچبەران، ئامانجی نیشاندانی فیلمەش ئاشناكردنی ئیتاڵییەكان بوو بە كولتووری ئەو كۆچبەرانەی روویان لە ئیتاڵیا كردووە.

فیلمەكە، فیلمێكی كوردی- سوێدی بوو بەناوی ئۆپیت، رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شارۆچكەی میندۆچینۆی سەر بە هەرێمی كالابریای ئیتاڵیا نمایش كرا. لە ماوەی رابردوودا ئەمە سێیەم فیلمە لەو شارۆچكەیە نمایش دەكرێ‌، بەڵام هیچیان وەكو ئەم فیلمە خەڵكی بۆ بانگ نەكرابوو، بۆیە كۆچبەران و ئیتاڵییەكان بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە هۆڵی نمایشی فیلمەكە دەكرد.

لەم شارۆچكەیە پرۆژەیەكی هاوكاریی پەنابەران بەناوی سپرار بۆ خوێندن و دابینكردنی خزمەتگوزاری هەیە، بەشێكی پرۆژەكە بریتییە لە ناساندنی كولتووری گەلانی كۆچبەر بە یەكدی و هەروەها ئیتاڵییەكان، بۆ ئەمەش فیلم وەكو ئاسانترین كەرەستەی ناساندنی كولتوور لەو پرۆژەیەدا بیری لێكراوەتەوە، مانگانە فیلمێك لە چوارچێوەی پرۆژەكەدا نمایش دەكرێ‌.

بۆ ئەم مانگە فیلمێكی كوردی – سوێدی بەناوی "ئۆپیت" نمایش كرا، ئەم فیلمە لە ساڵی 2007 دەرچووە، بەشێكی لە باشووری كوردستان و بەشەكەی دیكەشی لە ئەوروپا وێنەگیراوە، چیرۆكی فیلمەكە باس لە كۆچكردنی خێزانێكی كورد دەكات بۆ هەندەران و دابڕانی ئەندامانی ئەم خێزانە لە یەكدی، لە فیلمەكەدا ژمارەیەك ئەكتەر و شانۆكاری بەناوبانگی كورد بەشدارییان كردووە. گرنگیی ئەم فیلمەش بۆ ئامادەبووان ئەوە بوو كە بەشێوەیەكی ئۆرجیناڵ وەرگێڕدرابووە سەر زمانی ئیتاڵی، بۆیە ئیتاڵییەكان گرفتیان لە تێگەیشتنی زمانی فیلمەكە نەبوو.

ماریا سكالیسی كە ئافرەتێكی ئیتاڵییە و كۆرسی فێربوونی زمانی ئیتاڵی بە كۆچبەران دەڵێتەوە، خاوەنی بیرۆكەی ئەم پرۆژەی (سپرار)ـەیە كە بە واتای (سیمای من) دێت. ماریا بە (رووداو)ی گوت: "ئامانج لەم پرۆژەیە ناساندنی كولتووری گەلانە و هەم كۆچبەران و دانیشتووانی میندیچینۆ و شارۆچكەكانی دیكەش كۆدەكاتەوە، چەند رۆژێك پێش دەستپێكردنی فیلمەكە رێكلامی بۆ دەكەین، بەڵام بۆ ئەم فیلمە كوردییە زیاتر ریكلاممان كرد لە قوتابخانە سەرەتاییەكان، چونكە فیلمەكە زیاتر كۆمەڵایەتی و چیرۆكەكەش پەیوەندی بە كورد و كۆچبەرییەوە هەبوو، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا".

فیلمەكە سەر لە ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە تا درەنگانی شەو نمایش كراو ژمارەیەكی زۆری خەڵك ئامادەی بوون. بەر لە نمایشكردنی فیلمەكە، سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەكە ئەنتۆنیۆ پالیرمۆ باسێكی لە پرۆژەی هاوكاری بۆ پەنابەران كرد و گوتی "خستنەڕووی ئەم فیلم و چالاكییە كولتووری و هونەریانە سوود بە هەموو لایەكمان دەگەیێنێ، هەموومان بە كولتوور و هونەری یەك ئاشنا دەبین، ئێمەش وەكو شارەوانی بەردەوام دەبین لەم پرۆژانە، بێگومان هاوكاریی پەنابەرانیش گرنگە و دەمانەوێ ئەوانیش كاتێكی خۆش لەگەڵ ئەم پرۆژە هونەریانە بەسەربەرن".

 ژمارەی دانیشتووانی شارۆچكەی میندیچینۆ نزیكەی 10 هەزار كەسێك دەبێت، ناوچەیەكی شاخاوی و كەشوهەوایەكی فینكی هەیە لە وەرزی هاویندا، ژمارەیەك لە كۆچبەرانی كورد و ئەفریقی و عەرەب و خەڵكی ئەوروپای رۆژهەڵات لەم ناوچەیە نێشتەجێ بوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە.

زریان شیرایی كە كۆچبەرێكی كوردە، نیشاندانی فیلمەكە بە گرنگ وەسف دەكات بۆ میللەتی كورد، چونكە پێیوایە كورد كە مادام دەوڵەتی نییە و لەلایەن گەلانی دیكەی خاوەن دەوڵەتەوە وەك پێویست ناناسرێ، كەوایە ئەركی پەنابەرانە خۆیان بناسێنن.

زریان كە لە شارۆچكەی میندیچینۆ دادەنیشێ‌، هەروەها گوتی: "چەند رۆژێك بەر لە دەستپێكردنی فیلمەكە لەگەڵ هاوكارەكانمان، سەردانی چەند قوتابخانەیەكمان كرد و گفتوگۆمان لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایانی میندیچینۆ كرد، هاوكات بەگرنگمان زانی باسێكیشمان هەبێت لەسەر ناساندنی كورد و بارودۆخی كوردستان كە بۆچی تا ئێستا كورد دەوڵەتی نییە. بێگومان ئەمەش بۆ قوتابییەكان و هەم مامۆستاكانیش شتێكی تازە بوو".

خەونەكانی دوو مێرمنداڵی كورد

فیلمی هۆپیت (Hoppet) لە دەرهێنانی پیتەر نێس، دەرهێنەری بەناوبانگی نەرویجییە و چیرۆكی دوو مێرمنداڵی كوردی باشووری كوردستان بە ناوەكانی ئازاد و دیجلە دەگێڕێتەوە كە بەنیازی ئەڵمانیا كوردستان جێدەهێڵن و كەچی سەر لە سوید دەردەكەن. ئازاد، تەمەن 12 ساڵ، خەون بەوەوە دەبینێ ببێ بە پاڵەوانێكی جیهانی لە وەرزشی بازداندا. دیجلەش لە پاش بۆردومانێكی كوردستان زمانی شكاوە. بەهرەی ئازاد لەبواری بازداندا یارمەتی ئەو دوو مێرمنداڵە كوردە دەدا بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی بازدان بچنە ئەڵمانیا و لەوێ لەگەڵ دایك و باوكیاندا یەك بگرنەوە. فیلمی هۆپیت، كە لە زمانی سویدیدا بەهەردوو واتای هیوا و بازدان دێت، لە ساڵی 2007 بەرهەمهاتووە.  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە