رووداو - هەولێر
قوتابییەکی تەمەن 13 ساڵانی پۆلی حەوتی بنەڕەتی لە هەولێر، کە شوێنەواری لێدان بە دار بە جەستەیەوە دیارە، دەڵێت کە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە لێیدراوە. رووداوەکە رۆژی 23ـی ئەم مانگە (مانگی ئایار) لەدوای کەوتنی ستوونی گۆڵی یاریگای قوتابخانەکە روویداوە و قوتابییەکە بە شکاندنی تۆمەتبار کراوە.
ئەو قوتابییە یەکەم ساڵیەتی لەو قوتابخانەیە دەخوێنێت، چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی: "لەلای ستوونەکە وەستابووم، بینیم خۆی کەوت. من هەڵمگرتەوە، لەناو تۆڕەکە گیر ببوو. قوتابییەکان هەموو وایانزانی من شکاندوومە، کردیانە هاتوهاوار و منیان بردە ئیدارە."
ئەو قوتابییە دەڵێت، دوای لێدانی زەنگ، لە ژووری یاریدەدەر بووە کاتێک بەڕێوەبەر هاتووە، "مامۆستا بێ یەک و دوو راستەوخۆ دارێکی لە دەستمدا، دواتر چوو پۆلەکانی کردەوە. پۆلەکان هەموو دەیانگوت 'ئەو کوڕەیە'، مامۆستا زیاتر لە من تووڕە دەبوو. منیش ئەو کاتە گوتم: مامۆستا من نیم. بەڵام ئەو هەر داری لێدەدام و دەیگوت بێدەنگبە و 10 خولەکی دیکە بۆ خۆت بچۆوە ماڵەوە."
سەرکەوت عیزەدین، باوکی قوتابییەکە دەڵێت هەر لەدوای رووداوەکە منداڵەکەی بردووەتە نەخۆشخانە و راپۆرتی پزیشکییان وەرگرتووە کە تێیدا ئاماژە بە بوونی "زەبری دەرەکی" لەسەر جەستەی کوڕەکەی کراوە.
باوکی قوتابییەکە بە رووداوی گوت: "پێم گوت، ئەگەر ئەویش شکاندبێتی، تەلەفۆنێکت بۆ بکردبامایە دەهاتمە قوتابخانە و کێشەکەم چارەسەر دەکرد و بۆم چاکدەکردەوە. شکاندوویەتی، باشە شکاندوویەتی، بەس بەو جۆرە لێدانە؟!"
باوکی قوتابییەکە نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: "ئێستا دەڵێت ناچمەوە قوتابخانە، ترساوە. وای دانێ داهاتووی ئەم منداڵە رۆیشت."
قسەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە: لێدانەکە بەهۆی درۆکردن بوو
مامۆستا سەڵاح کەریم، ئەو بەڕێوەبەرەی کە تۆمەتبار کراوە بە لێدانی قوتابییەکە، دان بە لێدانەکەدا دەنێت، بەڵام هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ "درۆکردن"ـی قوتابییەکە نەک شکاندنی ستوونی گۆڵەکە.
سەڵاح کەریم گوتی: "دیسان بە ئامۆژگاری هەر گوتم، کوڕم درۆ مەکە، حەزم لە درۆکردن نییە. بزانە نزیکەی 20 کەس گوتیان تۆ بوویت. یانی بەڕاستی زۆر لە رادەبەدەر تووڕەی کردم. منیش گوتم، با دوو دارت لێبدەم تەنیا بۆ ئەوەی بزانیت ئەو لێدانە بۆ درۆکردنەکەتە، نەک بۆ ستوون شکاندنەکە."
بەڕێوەبەرەکە جەختی لەوەش کردەوە کە لێدانەکە تووند نەبووە، "وەکو لێدانێکی ئاسایی بوو، نەک بە هێزی قوەت. تاوەکو لەگەڵ باوکیشی قسەم کرد گوتم، من بەرپرسم تەنیا لەو 3 دارە؛ دارێک لەم دەستەی و دارێک لە دەستەکەی دیکەی و دارێکیش لەو شانەی، بە سەبری. ئەو [باوکی] گوتی هەموو جەستەیەتی، گوتم وەڵا من لە هەموو جەستەیم نەداوە. یان ئەوەتا ئەو کوڕە خۆی وایکردووە تاوەکو کەوتنەکەی لە حەوت دەرس و هاروهاجییەکەی پێ داپۆشێت کە دەزانێت دەکەوێت، یان ئەوەتا شتێکی دیکەیە، گرنگ ئەوەیە خۆی دەزانێت چی کردووە."
دایک و باوکی قوتابییەکە سکاڵای یاساییان لە بنکەی پۆلیسی خانەقا تۆمار کردووە و هاوکات وەزارەتی پەروەردەیان لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
جوامێر سەرباز، پارێزەری دۆسیەکە، بە رووداوی راگەیاند: "کەیسەکە ئێستا لە دادگای لێکۆڵینەوەیە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە. دادوەری ئێشکگر بڕیاری سەرەتایی لەسەر دەدات و دواتریش رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت و لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە بڕیارەکانی دیکە دەدرێن."
زیاتر لە 15 ساڵە بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە لێدان و توندوتیژییەکی جەستەیی و دەروونیی بەرامبەر بە قوتابییان لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ